سیڤەر : دووبارە زیندوو کردنەوە

ئەمڕۆ ٩٩ ساڵ بەسەر ئیمزاکردنی پەیماننامەی لۆزان تێدەپەڕێت
٩٩ ساڵ پێش ئێستا و لە رۆژی ٢٤ی تەمووزی ساڵی ١٩٢٣ لە شاری لۆزانی سویسرا، وڵاتانی براوەی جەنگی یەکەمی جیھانی و تورکیا پەیماننامەی لۆزانیان ئیمزا کرد، پەیماننامەکە رێککەوتننامی سیڤەری ھەڵوەشاندەوە و کۆتایی بە خەونی دەوڵەتی کوردستان ھێنا، ھاوکات نەخشەی وڵاتانی عێراق و سوریا و تورکیا و رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی داڕشتەوە.

سیڤەر یان لۆزان

شاسوار هەڕەشەمی

لە گوتاری پێشووترمدا لەسەر پەیماننامەی (لۆزان) لە نێوان تورکیای کەمالی و وڵاتانی لە شەڕ براوەدا، هەوڵم داوە ئەو مەترسیانە بڕەوێنمەوە، کە دوو ساڵە سایتە کوردییەکان لێکی وەردەگرن و خەڵکیان پێی تۆقاندووە. هەندێک کەس ئاماژە بە (میساقی میللی تورکی) دەکەن. ئەم میساقە لەلایەن دەستەی ڕاوێژکاریی مەجلیسی میللی و ڕاستەوخۆ بە ڕاوێژ و ئامۆژگاری کەمال ئەتاتورک نوسرا و پەسەند کرا. واتە بەڵگەنامەیەکی تورکییە نەک نێونەتەوەیی. میساقەکە پێش مۆر کردنی پەیماننامەی لۆزان نوسراوە. دەبینین کە هەر هەمان کەمال ئەتاتورک خۆی، بە مۆر کردنی پەیماننامەی لۆزان، بەندەکانی میساقی خستۆتە ژێر پێی خۆی و وازی لێهێناوە و دانی بە سنورە تازەکانی تورکیا دا ناوە. ئەو لەوە مەمنون بووە، کە توانیویەتی سنورەکانی ئێستای تورکیای خستۆتە ناو بەڵگەنامەیەکی نێونەتەوەییەوە و هەرگیز تا مردنیش دەستی نەخستە ناو کاروباری ناوخۆی سوریا، عێراق، ئەرمەنستان، بولگاریا و یۆنان. دوای ئەویش عیسمەت ئۆینونو هەمان ڕێچکەی وی گرت.
ئەوەی ئەمجارە دەمەوێت ئاماژەی بۆ بکەم، پەیماننامەی لۆزان، چەندە سەرکەوتن بوو بۆ تورکیا، ئەمەندەش بایەخی بۆ باکوری کوردستان هەبوو، چونکە پەیماننامە بەدخووەکەی سێڤری هەڵوەشاندەوە؟ دەزانم ئەم ڕستەیەم مایەی سەرنجە، چونکە بە هەزاران منداڵی کوردی لەدایک بووی دوای ساڵانی حەفتا، ناویان سیڤەرە! مێژوونوسانی کورد، بە دیتنی ناوی کورد لە سێ بەندی پەیماننامەکە، وا شاگەشکە ببوون، لایەنە کارەستبارەکەیان هەست پێنەکرد، ئەمەش بە دانپێدانانی د. کەمال مەزهەر خۆی، بووە فریودانی خەڵک.


لە پەیماننامەی سیڤەر، کوردستانی ئێران بەشێکی مێژوویی خاکی ئێرانە و نابێت دەستکاری سنورەکانی ئێران بکرێت. هاوکات ڕۆژاڤاش خراوەتە ناو سنوری مانداتی فەرەنسیی، کە دواتر بووە سوریا. بۆ هەرێمی کوردستانیش، یان ویلایەتی موسڵ، ئەگەر ناوچە ئۆتۆنۆمیدارەکەی دیاربەکر، بیتوانیبایە بەبێ چەک و داماڵراو لە چەک، بەو هەموو مەرجە مەحاڵانەی بۆی داندراوە، بەپێوە بمێنێتەوە و جێگیر ببێت، ئەوا خەڵکی باشور دەیانتوانی (دەنگدان بکەن) کە ئایا دەچنە سەر ئەو ناوچانە یان لە ناو عێراقدا دەمێننەوە! دەنگدانەکەش لەژێر سەرپەرشتی بەریتانیا و عێراق و کۆمەڵەی گەلان!
باکوری کوردستانیش، ئاوای لێدەهات:-
بەگوێرەی خاڵ و بەندەکانی پەیماننامەی سێڤر، تەنیا باکوری کوردستان، کە ئێستا یەک پارچەیە، کراوەتە پێنج پارچە و بەسەر پێنج بەشی چارەنوس لێکجیاش دابەشکراوە. بە گوێرەی بەندەکانی ڕێککەوتننامەکە، لەو پێنج بەشەدا، تەنیا بە یەک بەشی گوتراوە (ناوچەی کوردنشینی ئۆتۆنۆمیدار لەناو تورکیا). چوار بەشەکەی دیشی، لە باشترین باردا، دەکرێت بڵێین بەسەر ھەندێک گروپی ئەتنی و ئایینی بچوک و وڵاتانی دەوروبەردا دابەشکراوە، یان بەخشراوە.


پەیماننامەکەی سێڤەر، بە خاڵ، ئەم جۆرە چارەنوسەی بۆ باکوری کوردستان بەڕەوا بینیوە:-
١- ناوچەکانی قارس و سەرحەدێ، ئەرزەرۆم و وان و بەشێکی دی بەرفراوانی ڕۆژئاوای ناوچەی وان و تاتڤان، ھەمووی بە ئەرمەنیەکان بەخشراون. بە گوێرەی بەندی ٨٨ی پەیماننامەکە، ماف دراوەتە سەرۆک کۆماری ئەو سەردەمی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ویدۆر ویلسن، کە سنووری ئەو دەوڵەتە ئەرمەنییە لەگەڵ تورکیادا، لەم ویلایەتانەدا دەستنیشان بکات “ئەرزرۆم و تەرابزۆن و وان و بدلیس، وێڕای دەستنیشان کردنی ئەو ناوچە ھاوسنووریانەی، کە چەکیان تێدا دادەماڵرێت.
٢- ئەو ناوچانەی کە کەوتونەتە نێوان سنوری تازە دیاریکراوی ئەرمەنستان و ئێران و میزۆپۆتامیا، خراونەتە ژێر مانداتی بەریتانیای مەزن، بەو نیازەی، کە دەوڵەتێکی تێدا بۆ تیرە ئاسورییەکان لێ دابمەزرێندرێت. بە گوێرەی خاڵەکانی (٢و٣)ی بەندی ٢٧ی پەیماننامەی سیڤەر، دەبێت ئاسورییەکان لەو ناوچانە بپارێزرێن. بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەک پێکدێت، تا بڕیار لە ھەر گۆڕانکاریەکی پێویست، لە سنوری تورکیا لەگەڵ ئێران بدات. ئەم دەقەی بەندی ٢٧، بە ئاشکرا دەریدەخات کە گۆڕانکاری لەو ناوچەیەدا بەڕێگاوە بووە.
٣- ھەموو ناوچەکانی ڕۆژھەڵات و باشوری سیواس، لەسەر تورکیا، واتا لەناو خاکی تورکیا جێھێڵدراون.
٤- ناوچەیەکی بەرفراوانی ڕۆژئاوای دیاربەکر و خواروی سیواس، خراونەتە ژێر مانداتی فەرەنسا، بەو نیازەی، یان مەبەستەی، کە لەو ناوچانەدا، کەمایەتی کلدانی و سریانی دەژین. چونکه‌ دەبێت مافەکانیان (بە شێوەیەک کە دیاری نەکراوە) بپارێزرێت.
٥- ناوچەیەکیش، کە کەوتۆتە خواروی سنورە تازەکەی ئەرمەنستان لە باکور و ڕۆژئاوای دیاربەکر لە ڕۆژئاوا و سەر سنوری سوریا لە باشور، بۆ ناوچە ئۆتۆنۆمیدارەکەی کوردی، لە چوارچیوەی تورکیادا ھێڵدراوەتەوە. (بۆ سەرنجدانی وردتر، لە سنورەکانی ئەو پێنج پارچەیەی باکوری کوردستان، سەیری نەخشەی ڕەنگی ھاوپێچی گوتارەکە بکە).
کەواتە پەیماننامەی لۆزان، هەر هیچ نەبێت، خۆ هەموو باکوری کوردستانی بەسەر یەکەوە هێشتۆتەوە و لەجیاتی ژمارەیەک دەوڵەتی داگیرکەریشدا، ڕووبەڕووی یەک هێزی داگیرکەر بوونەتەوە. هەروەک ئەم داگیرکەرەش، تا ئێستا لە بە تورککردنی خاکەکەی سەرکەوتوو نەبووە.
بێگومان پەیماننامەی سێڤر، پێش هەموو شتێک بە دڵی نەتەوەپەرستانی ئەرمەن نوسراوە، کە خەونیان بە ئەرمەنستانی گەورەی سەردەمی سێ ساڵەی تیگران(٧٣پ.ز-٧٠پ.ز) دەبینی. بە بەستنی پەیماننامەی لۆزانیش، زیانمەندی هەرە گەورە ئەرمەنەکان بوون، بۆیە ئەوان مافی خۆیانە بۆ سێڤر بگریێن، کەچی چەند ساڵێک پێش ئێستا، ژمارەیەک ئەرمەنی لە سێڤر گردبوونەوەیەکیان کرد، بە یادی پەیماننامەکە، ژمارەیەک چالاکوانی کورد و نوێنەری حیزبە دەستەڵاتدارەکانی باشوریش وەگەڵیان کەوتبوون و فرمێسکیان بۆ (سیڤەر) دەڕشت. دڵنیام کە ئەرمەنەکان لە دڵەوە پێکەنینیان بە بێئاگایی و نەزانی ئەو کوردانە هاتووە.
چی بکەم، لەم ساڵانەدا، ئەمە چەندان جارە لەسەر ئەم بابەتە دەنوسم، کەچی کوردە بۆرە ناخوێنێتەوە و تێناگات و بەردەوامە لەسەر دەست گرتن بە یادەوەریە هەڵەکانی خۆی.

کەمتەر خەمیی کورد و گوێ نەدان بە قانوون

دوای سێ ساڵ تێپەڕ بوون بەسەر پەیمانی سیڤەر Sèvres لە ١٩٢٣ بە پێی پەیماننامەی لۆزان کۆتایی بە ئیمپراتوورییەتی عوسمانیی هات و بەندەکانی پەیماننامە سیڤەر Sèvres هەڵوەشآیەوە و ڕۆژهەڵاتی تورکییە و ناوچە کوردنشینەکان کە بەشێك لە هەرمەنستان بوون، کەوتە ژێر دەسەڵاتی تورکییە و بە پێی ڕێککەوتنەکانی نێودەوڵەتیی دانیان پێ‌داهێنان. بەم شێوەیە بەشێکی گەورەی کوردستان خرایە ژێردەسەڵاتی تورکییە و لە پەیماننامەکەدا کێشەی کوردیان سڕییەوە و بابەتێک بە نێوی کورد و کوردستان لە ئاڕادا نەما. بە پێی ئەم پەیماننامەیە کوردستان بەسەر چوار ووڵاتی: تورکییە، ئێران، ئێراق و سوورییەدا دابەش‌کرا. بە پێچەوانەی سەردەمی ئیمپراتوورییەتی عوسمانیی لە پەیماننامەی لۆزان‌دا شوێنێک بە نێوی کوردستان یا تەنانەت کۆڵەداریی(موستەعمەرە)یەکیش بە نێوی کوردستانەوە نەما. بە پێی ئەم پەیماننایەوە پێناسەی مێژوویی و سیاسیی کوردستان‌یان دزیی و بە پێی بنەمای قانوونی نێودەوڵەتیی کوردستان پارچە پارچە کرا و دانیان پێدا هێنا و مۆر کرا. عیسمەت ئینۆ نۆ سەرۆکی شاندی دانوستانی تورکییە ڕای‌گەیاند:
“ئێمـە بە یارمەتیی ئینگیس و فەرانسە سەرکەوتن‌مـان بەدەست هێنا، کێشە هەرمەنستان و کوردستان‌مان لە مێژوودا ناشت”.
بەڵام کێشەی کورد و کوردستان وەک برینێکی تیمار نەکراو تا بە ئیمرۆش قوڕقوڕۆچکەی تورکییەی گرتووە.
ئەوەی کە ئۆردۆغان هێرش دەکاتە سەر پەیماننامەی لۆزان، کەمتر پێوەندیی بە کێشەی کوردەوە هەیە، زۆرتر دەگەڕێتەوە بۆ دووڕگەکانی دەریای ئیجە، کە بە پێی مادەی ١٦ی پەیماننامەکە جگە لە دوو دوورگەی ئیمبروسImbros و تەنەدددۆس Teneddos ئەوەیتر هەمووی دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی یۆنانەوە و ناوچەکانی موسڵ وهەولێریش بە فەرمیی خرایە سەر ئێراقەوە.
ئەم پەیمانناممەی بۆ موستەفا کەماڵ دەسکەوتێکی گەورە بوو، کە بەم شێوەیە دەری‌ىڕی:
“ئەم پەیماننامەیە بەڵگەیە بۆ سەرکەوتن بە سەر ئەو گەلەکۆمەگیی و پیلانەی دژ بە میللەتی تورک دەکرا و لایان وابوو، بە پیی پەیمانی سیڤەر Sèvres مۆر کراوە. ئەمە سەرکەوتنێکی سیاسییە، کە لە مێژووی ئیمراتووریی عوسمانیی‌دا هاوتای نییە”.
هەرچۆنێک بێ، ئەم پەیماننامەیە هێندێک بڕێار لە خۆی دەگرێ، کە لە سەرووی سنوورەکانی ئەرزییەوە. بندەکانی ٣٧-٤٠ی بەشی سێیەم بە تێروتەسەلیی ئەو بڕیارانە بۆ بەرگریی لە مافی کەمە نەتەوایەتییەکان لەڕووی پاراستنی ئایین و زمان و مافی سیاسیی لەخۆی دەگرێ، کە هەموو حکومەتەکانی یەک لە دوای یەکی تورکییە بە شێوەیەکی ڕێکخراو و سیستیماتیک پێشێل‌یان کردووە. هیچیەک لەو لایەنانەی کە بەشداری مۆرکردنی ئەم پەیماننامەیە بوون گوێان نەداوەتە ئەم پێشێلکارییە و سەرکۆنەی حکومەتەکانی تورکییەیان نەکردووە. تا ئێستاش ڕوون نییە، ئەوەی ئۆردۆغان لە پێداچوونەوەی بەم پەیماننامەدا داوای دەکا، ئایا ئەم بابەتانەش لە خۆی دەگرێ و دژ بە ڕەچاوکردنی ئەو مافانەیە کە لە بەندەکانی ٣٧-٤٠ هاتووە یان نا؟
پەیماننامەی لۆزان لە هیچ شوێنێك‌دا باس لەوە ناکا، کە ئەم پەیماننامەیە دوای تێپەڕ بوونی سەد ساڵ هەڵدەوەشێتەوە و تورکییە مافی ئەوەی هەیە، بۆ بەرزەوەندیی خۆی دەستی تێوەردا و ئاژاوە و شەڕ بنێتەوە.
تەنانەت ڕیککەوتننامەی ١٩٦٩ی ڤییەنیش کە پێوەندیی بە لایەنی حقووقیی پەیماننامەکانەوە هەیە، باس لە بابەتێکی ئەوتۆ ناکا، کە مەبەستی ئۆردۆغانە، مەگەر ئەوەی لە پەیماننامەکەدا گونجاند بێتیان، دەنا پەیماننامەکای نێودەولەتیی لە هیچ برگەیەکی زەمانیی‌دا کۆتاییهێان پێ‌نایە.
ئەویە بۆ بێهیوا کردن و ناچار کردنی ئۆردۆغان بۆ ڕێزگرتن لە ماف و داخوازییەکانی نەتەوەی کورد؛ کورد دەبێ، بگەڕێتەوە بۆ بەندەکانی ٣٧ تا ٤٠ی بەشی سێیەمی پەیماننامەی لۆزان و لە ڕووی دیپلۆماتیی و حقووقییەوە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیی کاری لەسەر بکا و بەرەو داواکاریی مافی سەربەخۆیی هەنگاو بنێ.

دەرئەنجام

لە کۆتاییدا، کورد دەبێت لۆزان وەکوو قەرارێک وا بە بێڕەزامەندی ئەو درابێت، پێناسە بکات و ڕابگەینێت لە بابەتی یاسایی و قانوونی، بێ بایخە. لە هەموو دونیا ئەمە پەسەندکراوەیە کە هیچ قەرارێک بە بێ بوونی، قەرارلەسەرکراو، بێبنەما و نایاساییه. کورد و کوردستان سیڤەر وەکوو قەرارێک وا دەنگ خۆی تێدا بینووە، بە فەرمی وەکوو پێناسە، ئامانج، حەق و مافی خۆی دەناسێت.

کۆبوونەوەی کوردان لە دژی ساڵیادی پەیماننامەی لۆزان ۲۰۲۲
Website | + posts