تورک و گورگ و مەڕ

شێخ نووری شێخ ساڵح
ڕۆژنامەی ژیانەوە، ۳ـی مارت، ۱۹۲٥


*هێنانە سەر ڕێنووسی ئەمڕۆ: زیاد ئەسعەد

ئەم وتارە لە گۆڤاری ڕۆڤار بە هەمان ڕێنووسە کۆنەکەی زەمانی خۆی دانراوەتەوە.


‌لە ڕۆژێکەوە کە حوکوومەتی تورک حوقووقی حوکمداریی بابانەکان و قەومیەتی کوردە مەزڵوومەکانی غەسب و ئیستیلا کردووە، هەتا تەخەللییەی تورکەکان، غەیر ئەز خسوومەت و فەلاکەت، ئەسبابێکی تەرەقی و سەعادەتیان بۆ ئەم قەومە مەزڵوومە ئیزهار نەکرد. بیلعەکس، دائیمەن سەعی و جوهدیان بۆ ئەوە کرد کە یەکێ لەم میللەتە میللییەتی خۆی تەرک نەکا، شایەد کردبێتی، فەورەن نەفی یان ئیعدام کراوە. بە هەموو سووڕەتێ مەفکوورەی میللییەتی لەم قەومەدا ئیمحا کردبوو. ئەتوانم بڵێم هەتا حەربی عوموومی و ئیحتیلالی سلێمانی، هیچ فەردێک لە ئەفرادی ئەم میللەتە، حەتتا هیچ مونەووەر و تەحسیل دیدەیەک، عیرقەن و لیسانەن، عیرق و میللەت و قەومییەتی خۆی لە تورکەکان تەفریق نەکردووە، یا کردوویەتی، لەبەر زوڵم و ئیستیبداد مەعلوومە یان تەجاهولی کردوویەتی.
عەجەبا ئەو تورکانە کە دووبارە ئارەزووی ئیستیلای ئەم قەومە ئەکەنەوە؟! ئایا مەزڵەمەی “سەفەر بەرلک”یان لە فیکر چووەتەوە کە چییان بەسەر ئەم میللەتە هێنا؟ فەرەزەن ئەوانیش لە بیریان نەمابێ، هیچ فەردێک لە ئەفرادی ئەم میللەتە، مەزبەحە و قەسابخانەکەی بەردەرکی قشڵەی لە فیکر چووەتەوە؟ دیواری ئەنباری جبەخانە کە ئێستا کون کونی ئەو گوللانەیە کە لە سەر دڵی کورد و ئەرمەنیەکان دەرچووە و دیوارەکانی کردووە بە بێژنگ، ئەو ئاسارە هەر ماوە، سووراییی خوێنی جەرگ و دڵی کوردەکان بە دیوارەکەوە هەر ماوە و نەفرەت لە زوڵمیان ئەکا.
هەروا ئەزانین دوێنێیە کە ئەرخەوان و داری قەبرستانەکەی گردی سەیوان و داری بەیداغی سەر قەبر و مەرقەدی پیاو چاکەکانمانیان بڕی، بە کۆڵ هێنایانەوە و سووتاندیان! مەنزەرەی ئەو قەبرە موقەددەسەیە کە نموونەیەکی جەننەت بوو کردیان بە جەهەننەم. بێ شوبهە ڕۆح ئەو کوردە مردووانە کە ئەم زوڵمەیان دیوە حەتمەن نەفرەت لە تورک حەتتا لە هاتنی ئەم دووسێ ئەعزای لیژنەیە ئەکا.
هەروا لە بیرمانە کە لە برسانا باوک ئەولاد و جگەرگۆشەکەی خۆی سەر ئەبڕی و ئەیکوڵان و ئەیخوارد. هەموو دیومانە کە لە ناوەڕاستی بازاڕدا لەسەر لاکی کەرێکی تۆپیو کە لە بەینی خۆماندا تەقسیمی بکەین، چ شەڕ و هەرایەک وقووعی ئەبوو. گۆشتی سەگ و پشیلە.. و ئاردەدار دەست هەموو کەس نەئەکەوت..
هەروەها لە بیرمانە کە عەسکەرە تورکەکان لە چایخانە چاییان ئەخواردەوە، لە دووکانەکان شەکر و چایی و مالەزیمەیان کامیلەن ئەکڕی. لە پاشا بانقەنۆتێکی (پووڵی کاغەزی banknote) لیرەیی کە بە ڕوپیە و نیوێک ئەچوو، دەریان ئەهێنا و ئەیاندا و داوای باقیشیان ئەکردەوە!

Turkey State Note of the
Ministry of Finance 10 Lires
1926

ناچار چایچییەکە، دووکاندارەکە ڕازی ئەبوو کە هەرچییەکی پێ فرۆشتوە، بە خۆڕایی بیداتێ بۆ خۆی.. ئەتوانم بڵێم بۆ خەرجیی بازاڕیان بانقەنۆتێک بەشی قۆڵ ئوردیەکی ئەکرد (ماشەڵڵا پارەی جاران چەند بەبەرەکەت بو…!) هەر ئەو بانقەنۆتە کە بە لیرەی ئاڵتوون بە (زۆرەملی) ئێمەیان ئەگۆڕییەوە (دەسەڵات پارەی کاغەز بە زێڕ خەڵک ئەگۆڕا)، خۆیان لە جیاتی هیچ تەکالیفێکی حکوومەتی قبووڵیان نەئەکردەوە.
هێشتا لە بیرمانە کە عائیلەیەکی عەفیف دە پازدە بیست کەسی کە واسیتەی مەعیشەتیان سێ چوار کەس بوو، بیلا ئیستیسنا، هەر چواری گەلە ئەکردن و بە سەوقییات ڕەوانەی قەفقاسی ئەکردن. لەوێ یان لە ژێر بەفرا ئەخنکان، یان ئەکوژران یا لە برسانا ئەمردن و ئەم دە پازدە ژنە موحتەرەمە و
مەعسوومانە بە زەروورەت و پەرێشانی سەوقی ئەنواع ئیشی نامەشروعی ئەکردن.. هیچ نەبێ مام تورک ئەبوو ئینتیزاری ئەم نەسڵە حازیرە کوردەی بکردایە، ئەم زوڵم و ئیستیبدادەی ئەوانی هێشتا لە بیر نەچووەتەوە.
هیچ نەبێ با خوێنی برا کوژراوەکانمان لە دیوارەکانی قشڵە و سەرا بچووایەوە. هیچ نەبێ با ئێسقان و مێشک بە کەللە شکاو و پژاوی ئیعدام کراوەکانمان بڕزایە. هیچ نەبێ با ئینگلیز تۆزێ تەنقییەیەکی مەعیدەمانی لە گۆشتی سەگ و پشیلە و بەنی ئادەم بکردایە. هیچ نەبێ با دەرەجەی سەروەت و ئیقتیسادمان زەربەی بانقەنۆتەکانی ئەوانی لە فیکر بچووایەوە.. هیچ نەبێ با ئەو هەزار چاوەی کە ساحێبی ئیعدام کراوە یا کوژراوە، یا لە برساندا مردووە، تەعمیرمان بکردایە.. هیچ نەبێ با دارئەرخەوانەکانی مەقبەرە و سەر شەخصەکانمان لە پاش بڕین و سووتاندنەکەی ئەوان، نەختێ نەشونمای بکردایەوە. ئەنجا دووبارە خەیاڵی کوشتن و بڕین و خزمەتکاریی کوردە فەقیرە مەزلوومەکانی بکەوتایەوە سەر.
جلخوارەکان ئەیانوت تورکەکان عاقڵ بوون! مەعەل تەئەسسوف ئەگەر عاقڵ بوونایە، نەدەبوو تا چەند عەسرێکی تریش ڕوویان بهاتایە ناوی کوردەکان بەرن (خوا بتانگرێ بۆ درۆتان.) خولاسە، لەبەر ئەم مەزاڵیمانە کە هێشتا لەبەر چاوما گوم نەبوە، دائیمەن بۆ یەکتری بە حیکایەت ئەیگێڕینەوە. هیچ فەردێک لە ئەفرادی قەومی کورد دەفعەیەکی تر ئارەزوی ئەو زوڵم و ئیستیبدادەی مام تورک ناکاتەوە!
ئینجا لیژنەی وەفدی موحتەرەم عوسبەتول ئومەمیش لەبەر ئەوەی تیمسالی عەدالەت و حامیی بەشەرییەت و ئەقوامی مەزڵوومەیە، وا ئومێد ئەکەین کە ئەم هاوار و فریادەی ئێمە بە مەعروزاتێکی تەماشا و (رانێکی مەڕ، تەسلیم بە شوانێکی گورگ نەکاتەوە!)
نامانەوێ، نامانەوێ!

*هێنانە سەر ڕێنووسی ئەمڕۆ: زیاد ئەسعەد

ئەم وتارە لە گۆڤاری ڕۆڤار بە هەمان ڕێنووسە کۆنەکەی زەمانی خۆی دانراوەتەوە.

تێبینی:

ئێستعمار پووڵی (پارەیی) ئێستا گرنگترین شێوازی بە تاڵان بردنی وڵاتەکانه.
لەم نووسینەدا، ۹۷ ساڵ پێش ، نیشان ئەدات چۆن تورک بە زۆری چەک، پارەی کاغەزی (بانقنۆت) دەوڵەتی تورکی، بە زێڕ و ئاڵتون و بەرهەمی کورد گۆڕاوە. دەوڵەت و عەسکەری تورک کالای کوردی بردووه و لە جێگەدا پارەی کاغەزی پێیان داوە، وێنەکانی ئەو پارانە لێرەدا دانراوە

پژواک کوکەبیان

Turkey Ottoman Empire (Two and a Half Lire) banknote 1918
Turkey 5 Lires
Turques banknote 1926
Website | + posts