کوردستان وەک کۆلۆنی و ئەگەری دامەزراندنی دەوڵەت

کاوە قادری


کوردستان بە هەلومەرجێکی هەستیاردا  تێدەپەڕێت و ئەگەری دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان لە هەمیشە بەهێزترە. بەڵام هەموو دوژمنانی کوردستان لە سێ نەتەوەی داگیرکەری عەڕەب، تورک و فارسەوە بگرە هەتا هەندێک لە زلهێزەکانی جیهان و تەنانەت هەندێک هێزی ناوخۆیی کوردستان بڕیاریان داوە نەهێڵن دەوڵەتی کوردستان دابمەزرێت. ئەوان پێیان وایە ئەگەر کوردستان ببێتە دەوڵەت، ناوچەکە و جیهان تووشی گۆڕانکارییەکی ئەوەندە قووڵ دەبێت کە بەرژەوەندییەکانیان لە مەترسی دەکەوێت. دیارە ئەوە تەوەهومێکە و ناکرێت ڕزگاریی نەتەوەیەکی لانیکەم پەنجا میلیۆن کەسی ببێتە هۆی ئاژاوەی جیهانی. بەپێچەوانەوە، چارەسەرکرانی کێشەی ئەمنی و پێشکەوتنی ئەوان لەسەر خاکی خۆیان پێداویستییەکی مێژوویی و ئەرکێکی ئەخلاقییە.

   ئەگەر کورد نەتوانێت لەو دەرفەتە مێژووییە کەڵک وەرگرێت و دەوڵەتی خۆی دابمەزرێنێت، بەرەوڕووی مەترسیی توانەوەی هەمیشەیی دەبێتەوە چونکە لە ئێستادا کورد بەرەوڕووی کۆلۆنیالیزمی چوار دەوڵەت، ژێنۆساید، گۆڕینی دێمۆگرافی، ئاسیمیلاسیۆنی زمانی و کولتوورییە. ئەو نیوە-حکوومەتانەش کە لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان پێکهاتوون، نەک هەر ناتوانن کورد بپارێزن کە خۆیان بوونە هۆی مەترسیی زیاتر. بۆ نموونە، حکوومتی هەرێمی کوردستان لە باشوور خۆی بووەتە هۆی تەعریبی زیاتری کوردستان! ئێستا کاربەدەستانی ئەو حکوومەتە بۆ دابینکردنی بەرژەوەندیی بازرگانیی خۆیان ژمارەی دانیشتووانی عەڕەبی شارەکانی هەولێر و سلێمانییان ئەوەندە زیاد کردووە کە لەوانەیە چەند ساڵی دیکە عەڕەب ببنە زۆرینە و دێمۆگرافیی کوردستان بە تەواوی بگۆڕدرێت. هەروەها لقوپۆپەکانی پ.ک.ک لە ڕۆژئاوای کوردستان زۆربەی شارە گرینگەکانی ڕۆژئاوایان ڕادەستی تورکیا کردووە و تورکیا عەڕەبی بردووەتە ئەو ناوچانە. بۆ نموونە، ئێستا زۆرینەی دانیشتووانی عەفرین عەڕەبن. ئەوە بارودۆخی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستانە کە بەڕواڵەت حکوومەتی کوردی لێیە. ئاشکرایە کە لە ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان کە پیلانی گۆڕینی دێمۆگرافی و زمان و ناسنامەی کوردستان زۆر لەمێژە جێبەجێ دەکرێت، بارودۆخەکە زۆر خراپترە. هەر ئێستا زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تووشی کێشەی تێکەڵاویی دانیشتووان لەگەڵ عەجەمی داگیرکەرن. لە باکووری کوردستانیش جگە لە گۆڕانی دێمۆگرافی، ناسنامەی زمانیش بەرەو لەناوچوون دەڕوات. هەر ئێستا زۆربەی کوردەکانی باکوور ناتوانن بە زمانی کوردی قسە بکەن و شتێک بە ناوی ناسنامەی کوردی لەوێ لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان نەماوە یان زۆر لاواز بووە.

 لەڕووی تێکنۆلۆژیی سەربازییەوە، لە کۆتایی سەدەی هەژدەهەمەوە هەتا نێوەڕاستی سەدەی بیستەم هێزی سەربازیی دەوڵەتەکان ئەوەندە پێشکەوتوو نەبوو کە بتوانێت هێزە گەریلاییەکان تێکبشکێنێت. هێزی گەریلا دەیتوانی خۆی لە چیاکان و دارستانەکاندا بشارێتەوە و درێژە بە شەڕ بدات. بەڵام ئێستا مەودای نێوان دەوڵەت و گەریلا یەکجار زۆر بووە. ئێستا دەوڵەتەکان کەرەسەی پێشکەوتووی وەک دووربینی نایت ڤیژن و درۆن و ڕاداری سەیروسەمەرەیان هەیە بەڵام گەریلا هەروەک جاران کەڵاشینکۆف و کەرەسەی ئاسایی پێیە. ئاشکرایە کە ئەوە دەبێتە هۆی کوژرانی زیاتری گەریلاکان و بێسوودبوونی شەڕی گەریلایی.

   لە وەها دۆخێکدا کورد دەبێت چ بکات؟ ئایا گۆڕینی ڕێگای سیاسیی کوردستان پێویست نییە؟ خوێندنەوەیەکی مێژوویی پێشانمان دەدات کە ئەو ڕێگایەی کە کورد لە سەد ساڵی ڕابردوودا پێواویەتی، واتە شەڕکردن بە شێوازی گەریلایی و سیاسەتی حیزبی بووەتە هۆی ماڵوێوانیی زیاتری کورد و کێشەکەی بەلاڕێدا بردووە. هەر ئێستا زۆربەی ئەندامانی نەتەوەی کورد گەیشتوونەتە ئەو ئاکامە کە تاکە ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانە، نەک دامەزراندنی حیزبی چەپ و ڕاستی زیاتر. ئەگەر حیزبایەتی توانیبای کوردستان ڕزگار بکات، سەد ساڵ ماوەیەکی کەم نییە.

   ڕەنگە ئەو پرسیارە بێتە گۆڕێ کە ئایا ڕێکخستن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان پێویست نییە؟ دیارە ڕێکخستن پێویستە بەڵام ڕێکخستنی کۆمەڵگە پێویستە، نەک ڕێکخستنی لایەنگرانی حیزبێکی تایبەت. ڕێکخستنی کۆمەڵگە بریتییە لە ڕێکخستنی گرووپە جۆراوجۆرەکان بەپێی مەرامی کوردستانی. واتە نوخبەکانی کۆمەڵگەی کوردستان دەبێت گرووپە جۆراوجۆرەکان بهێننە سەر ئەو باوەڕە کە تاکە ڕێگای مانەوە و ڕزگاریی ئەوان دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانە. دیارە بۆ وەها مەبەستێک هێزی سەربازیی تایبەتیش پێویست دەبێت بەڵام لە کاتی خۆیدا و لە شارەکان بەپێی دیسیپلینێکی سەربازیی مۆدێرن، نەک لە چیاکان و بەپێی پلانی ماوەبەسەرچووی شەڕی گەریلایی.

کۆتاییشەڕیگەریلایی

ئێستا سەردەمی خەباتی گەریلایی بەسەر چووە و سەردەمی شەڕی مۆدێرن و پۆست-مۆدێرنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکە، نەک شەڕی بن داروبەردی گەریلا خۆبەخشەکان. ئەگەر کوردستان بە شەڕی گەریلایی ببایە دەوڵەت، لەمێژ بوو ڕزگار ببوو. بەسەرنجدان بەو ڕاستییە کە ئێستاش زۆربەی کورد کاتێک بیر لە شەڕ دەکاتەوە، تەنیا شەڕی گەریلایی دێتە نێو مێشکی، پێویستە ئاماژە بە هۆکارەکانی پێویستبوونی وەلانانی ئەو جۆرە شەڕە و هەڵبژاردنی پلانی سەربازیی دیکە بکرێت.

   شەڕی گەریلایی بۆ ماوەی نیزیکەی دووسەد ساڵ شێوازێکی گونجاوی شەڕ لەگەڵ داگیرکەران و چەوسێنەران بوو. لە جەنگی سەربەخۆیی ئەمریکا لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەهەمەوە بگرە هەتا شەڕی گەریلایی کۆمۆنیستەکان لە چین و کووبا و شوێنەکانی دیکەی جیهانی سێهەم بۆ ماوەی نیزیکەی دووسەد ساڵ ئەو شێوازە لە شەڕ دەیتوانی نەتەوە بندەستەکان و گرووپە چەپەکان بگەیەنێتە ئامانجەکانی خۆیان. بەڵام لە کۆتایی سەدەی بیستەمەوە، ئەو شێوازە کارامەیی خۆی لەڕووی ستراتیژیکەوە لە دەست داوە. بەڵگەکانی وەلانانی ئەو شێوازەی شەڕ ئەمانەن:

یەکەم) لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە، شەڕی گەریلایی پێویستی بە پشتیوانی خەڵکی گوندەکان هەیە. ئەم جۆرە شەڕە بەتایبەت لە قوتابخانەی مائۆئیزمدا تیۆریزە کرا. مائۆئیزم بە واتای هەڵبژاردنی گوند وەک شوێنی شەڕ و جووتیاران وەک هێزی سەرەکیی شۆڕشە. مائۆ دەیگوت گەریلا لە نێو جەماوەردا وەک ماسی لەنێو ئاودایە. لە شەڕی کۆمۆنیستەکانی چین بەدژی کۆمینتانگ و ژاپۆنییەکان جەماوەری جووتیار وەک هێزی سەرەکیی پشتیوانی گەریلا دەجووڵانەوە. هەروەها لە کووبا کاسترۆ و چێگیڤارا توانیان بە بەڵێنی پێدانی زەوی و زار پشتیوانیی جەماوەری گوندی بۆ لای خۆیان ڕابکێشن. بەڵام دواتر لەسەر پێشنیاری ئەمریکا لە ئەمریکای لاتین ئیسلاحاتی ئەرزی کرا. لەبەر ئەوەش بوو کە چێگیڤارا لە شوێنەکانی دیکەی ئەمریکای لاتین شکستی هێنا. بە هەمان مێکانیزم، لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ئیسلاحاتی ئەرزی کرا و زۆربەی جووتیارەکان بوونە خاوەنی چەند پارچە زەوی. خاوەندارێتیی زەوی هەستی خەباتکارانەی لە جووتیاران ستاند و ئەوانی وەک چینێکی وردەبۆرژوا کردە خاوەنی بەرژەوەندی. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئێستاکە جەماوەری گوندی پشتیوانی لە شەڕی گەریلایی ناکات و تەنانەت بەشێکیان دژایەتیشی دەکەن. لەبەر ئەوە ئەم جۆرە شەڕە سەرکەوتوو نابێت.

دووەم) لەڕووی تێکنۆلۆژیی سەربازییەوە، لە کۆتایی سەدەی هەژدەهەمەوە هەتا نێوەڕاستی سەدەی بیستەم هێزی سەربازیی دەوڵەتەکان ئەوەندە پێشکەوتوو نەبوو کە بتوانێت هێزە گەریلاییەکان تێکبشکێنێت. هێزی گەریلا دەیتوانی خۆی لە چیاکان و دارستانەکاندا بشارێتەوە و درێژە بە شەڕ بدات. بەڵام ئێستا مەودای نێوان دەوڵەت و گەریلا یەکجار زۆر بووە. ئێستا دەوڵەتەکان کەرەسەی پێشکەوتووی وەک دووربینی نایت ڤیژن و درۆن و ڕاداری سەیروسەمەرەیان هەیە بەڵام گەریلا هەروەک جاران کەڵاشینکۆف و کەرەسەی ئاسایی پێیە. ئاشکرایە کە ئەوە دەبێتە هۆی کوژرانی زیاتری گەریلاکان و بێسوودبوونی شەڕی گەریلایی.

سێیەم) لەڕووی سیاسییەوە، سەردەمێک بوو کە لە گوتاری زاڵدا گەریلاکان وەک هێزی ڕزگاریخواز دەناسران بەڵام ئێستاکە وەک تێرۆریست دەناسرێن. هەرچەندە ڕوانگەی دەوڵەتەکان سەبارەت بەم بابەتە نابێت گرینگی پێ بدرێت بەڵام ئێستا خەڵکی ئاسایی واتە ئەو خەڵکەی کە قەرار وایە پشتیوانی شەڕی گەریلایی بێت ڕوانگەیەکی وای سەبارەت بە هێزی گەریلایی هەیە و لێی دەترسێت. لە وەها دۆخێکدا هێزی گەریلایی لەجیاتی سەرکەوتن هەر ترس و دڵەڕاوکێ دەخوڵقێنێت.

   بەو هۆکارانە و زۆر هۆکاری دیکەش پێویستە شەڕی گەریلایی وەلا بنرێت و بیر لە شێوازی نوێتری شەڕ بکرێتەوە. هەڵبەت ڕەخنەگرتن لە شەڕی گەریلایی بە واتای ئەوە نییە کە کورد هێزی سەربازیی پێویست نییە بەڵکوو قسە لە شێوازی شەڕە، نەک خودی شەڕ. ئاشکرایە کە توندوتیژی هەمیشە وەک ئامرازی ڕزگاریی نەتەوەی بندەست دەمێنێتەوە و کوردیش پێویستە هێزی سەربازیی هەبێت بۆ ئەوەی کۆتایی بە کۆلۆنیالیزمی نەتەوەکانی دراوسێ لە کوردستان بهێنێت.

   لێرەدا پێویستە ئاماژە بە گرینگیی لێکدانەوەی کوردستان وەک کۆلۆنی بکرێت چونکە ئەگەر لەو سۆنگەیەوە بۆ دۆزی کورد نەڕوانین ناتوانین لە کایەی سیاسیدا سەرکەوتوو بین و دیسان هەر هەڵەکانی ڕابردووی سیاسەتی کوردی دووپات دەکەینەوە.

کوردستانوەککۆلۆنی: بۆچیدەبێکوردستانوەکوڵاتێکیبەکۆلۆنیکراوپێناسەبکەین؟

لە ساڵانی ڕابردوودا ژمارەی ئەو نووسەر و بیرمەندانەی کە کوردستان وەک کۆلۆنی پێناسە دەکەن ڕووی لە زیادبوون کردووە. لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم، هەندێک نووسەر، بەتایبەت لە باکووری کوردستان و تورکیا، ئەو بابەتەیان ورووژاند کە کوردستان کۆلۆنیی چوار دەوڵەتی دراوسێیە. بەتایبەت کتێبی ئیسماعیل بێشکچی بە ناوی “کوردستان: کۆلۆنییەکی نێودەوڵەتی” هەنگاوێکی باش بوو بۆ ئەم بابەتە. دواتر نووسەرانی کورد بە وردی ئەو بابەتەیان خستە بەر باس و بەڵگەکانیان بۆ پاڵپشتیی کۆلۆنیبوونی کوردستان خستە ڕوو. نووسەرانی وەک سارۆ ئەردەلان و  کەماڵ سولەیمانی لە وتارەکانیاندا بە شێوازی بابەتی ئاماژەیان بە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی کۆلۆنیالیزمی کوردستان کردووە. هەروەها هەندێک بیرمەند بە شێوازی تیۆریک لەسەر ئەو بابەتە ڕۆیشتوون.

   بەڵام هاوکات لەگەڵ زەقبوونەوەی ئایدیای کوردستان وەک کۆلۆنی، هەندێک ڕەخنەگری ئەم بابەتەش پەیدا بوون. ڕەخنەگرانی تیۆریی کۆلۆنیالیزم دوو گرووپن: گرووپی یەکەم دەڵێن کوردستان وڵاتێکی داگیرکراوە و لێکدانەوەی کوردستان وەک بەکۆلۆنیکراو ئیمتیازێک دەبەخشێتە داگیرکەران چونکە کۆلۆنیالیزم لایەنی باش و خراپی هەیە. گرووپی دووەم دەڵێن کورد هاووڵاتیی ئێرانی یان عێراقییە و لێکدانەوەی کوردستان وەک کۆلۆنی کێشەی کورد بەرەو رادیکالیزم دەبات و دەرەنجامی خراپی بۆ کوردستان لێدەکەوێتەوە و لەوانەیە کورد تووشی شەڕێک بکات کە لە کۆتاییدا هەر کورد زەرەرمەند دەبێت چونکە کوردستان توانای سەربازی لە ئاستی دەوڵەتەکاندا نییە.

   لەم وتارەدا داکۆکی لەو ڕوانگەیە دەکرێت کە کوردستان کۆلۆنییە و بەڵگەکانی ئەم بابەتەش بە پشتبەستن بە نووسینە بنەڕەتییەکان دەخرێنە ڕوو. هەرچەندە داکۆکیکردن لە کۆلۆنیبوونی کوردستان بە واتای پێشنیارکردنی پلانی شەڕی بەرەیی یان گەریلایی بۆ ڕزگاری نییە. هەروەها ئەگەرچی زۆربەی ئەو تیۆریستانەی باوەڕیان بە بوونی کۆلۆنیالیزم هەیە، خۆیان مارکسیستن بەڵام باوەڕ بە کۆلۆنیبوونی کوردستان بە واتای ئەوە نییە کە لە دواڕۆژدا مۆدێلێکی دەوڵەتی مارکسیستی بۆ کوردستان بە باش بزانرێت بەڵکوو تەنیا دۆخی کوردستان لەڕووی شێوازی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکان بەپێی تیۆریی مارکسیستیی کۆلۆنیالیزم لێکدەدرێتەوە کە زیاتر لەسەر بنەمای تاڵانکردن و چەوساندنەوەی ئابووریی وڵاتی بەکۆلۆنیکراو دامەزراوە. لەم وتارەدا لە سەرەتادا بە پێناسەی کۆلۆنیالیزمەوە دەست پێدەکەین و پاشان بەڵگەکانی کۆلۆنیبوونی کوردستان باس دەکەین.

   چەمکی کۆلۆنیالیزم پێناسەی جۆراوجۆری بۆ کراوە. لە ڕوانگەی لیبراڵەکانەوە، کۆلۆنیالیزم هەمان ئەمپریالیزمە بەڵام مارکسیستەکان جیاوازی دادەنێن لە نێوان کۆلۆنیالیزم کە داگیرکاریی سەربازی و ئیداری تێدا بەرچاوە و ئەمپریالیزم کە بە شێوازی سیاسی و ئابووری بە ڕێگای هەناردەکردنی سەرمایەی مۆنۆپۆلیکراو و دەستتێوەردانی ناڕاستەوخۆ لە سیاسەت و کولتووری وڵاتانی دیکەدا دەکرێت. لە زمانی کوردیدا، پوختترین پێناسە سەبارەت بە کۆلۆنیالیزم لە وتارێکدا پێشکەش کراوە. نووسەر لە وتارەکەدا جیاوازی دادەنێت لە نێوان داگیرکاری و کۆلۆنیالیزم و دەنووسێت: “هەرچەندە کۆلۆنیالیسم فۆرمێکی تایبەتی داگیرکارییە بەڵام زۆر لە داگیرکاریی ساکار ئاڵۆزترە. لە داگیرکاریدا دەوڵەتی داگیرکەر تەنێ دەسەڵاتی سەربازی و ئیداریی خۆی بەسەر وڵاتی داگیرکراودا دەسەپێنێ و پاش ماوەیەک ناچار دەبێ ئەوێ بەجێبهێڵێ چونکە دەوڵەتەکانی دیکە دەوڵەتی داگیرکەر وەک خاوەنی وڵاتی داگیرکراو ناناسن. هەروەها ئەندامانی نەتەوەی داگیرکراو هیچکات ڕەوایی بە داگیرکەر نادەن کە بۆ هەمیشە لەوێ بمێنێتەوە. لە کاتێکدا لە کۆلۆنیالیسمدا سووژەیەکی بەکۆلۆنیکراو دەخوڵقێ کە پێی وایە ئەو بارودۆخە هەمیشەییە یان ڕزگاربوون زۆر دژوارە و ڕێی تێناچێ. کۆلۆنیالیزم مۆدێرنە. ئەوە بە واتای ئەوەیە کە پەیوەندییەکی پتەوی بە مۆدێرنیتە، عەقڵی مۆدێرن و دەوڵەتی مۆدێرنەوە هەیە. لە سیستمی کۆلۆنیالیستیدا، وڵاتی بەکۆلۆنیکراو وەک وڵاتێکی داگیرکراو کە دەبێ داگیرکەر ڕۆژێک هەر بە جێیبهێڵێ ناناسرێ بەڵکوو وەک بەشێک لە وڵاتی کۆلۆنیالیست دەناسرێ کە دەوڵەتی کۆلۆنیالیست و نەتەوەی کۆلۆنیالیست خاوەنیەتی و بۆ هەمیشە هەر خاوەنی دەبێ. دەوڵەتەکانی دیکەش هەتا ڕادەیەک ئەو خاوەندارێتییە بە فەرمی دەناسن. هەربۆیە دەوڵەتی کۆلۆنیالیست سیستمێک دادەڕێژێ بۆ لکاندنی قووڵی هەموو لایەنەکانی ژیانی وڵاتی بەکۆلۆنیکراو بە وڵاتی کۆلۆنیالیست؛ لە ئابوورییەوە بگرە هەتا سیستمی پەروەردە و سیستمی کارگێڕی و میدیا و بەتایبەت سووبژێکتیڤیتەی بەکۆلۆنیکراوەکان. هەموو ئەو سیستمەش بە مەبەستێکی ئابووری-ئەمنی، واتە بە مەبەستی تاڵانکردنی وڵاتی بەکۆلۆنیکراو و کەڵکوەرگرتن لە پێگەی ژیۆپۆلیتیکی وڵاتی بەکۆلۆنیکراو، دادەڕێژرێ.”

   لێرەدا دوو لایەنی گرینگی کۆلۆنیالیزم گرینگە کە سەرنجی پێبدەین: کۆلۆنیالیزم تەنیا بە مەبەستی ئابووری نییە، ئەو جۆرەی کە مارکسیستەکان لێی تێگەیشتوون بەڵکوو هەروەک لە ڕستەی کۆتایی پاراگرافی سەرەوەدا ئاماژەی پێ کراوە، لایەنی ژیۆپۆلیتیکیش بە هەمان ئەندازە گرینگە. ئەگەر فاکتەری ژیۆپۆلیتیک لەبەرچاو نەگرین، ناتوانین لە زۆربەی کردەوەکانی کۆلۆنیالیستەکان تێبگەین. بۆ نموونە، کۆلۆنیالیزمی دەوڵەتی فارس لە بەلووچستان زۆر بە فاکتەری ئابووری لێکنادرێتەوە بەڵکوو پێگەی ژیۆپۆلیتیکی بەلووچستان دەبێتە هۆی بەردەوامبوونی کۆلۆنیالیزمی دەوڵەتی فارس لەو وڵاتە.

   کاتێک تیۆریی کۆلۆنیالیزم بۆ لێکدانەوەی بارودۆخی سیاسی-ئابووریی کوردستان بە کار بهێنین، بۆمان دەردەکەوێت کە نەک هەر هەموو تایبەتمەندییەکانی پەیوەندیی کۆلۆنیال لە نێوان عەجەم و کورددا هەیە بەڵکوو تەنانەت بارودۆخی کوردستان لە کۆلۆنییە کلاسیکەکانیش خراپترە. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە ئەم کۆلۆنیالیستانەی کوردستان خۆیان دواکەوتوون و ناتوانن شتێکی پێشکەوتونخوازانە بە کوردستان ببەخشن. ئەوان تەنیا دەتوانن کوردستان لەڕووی ئابوورییەوە بچەوسێننەوە و لە پێگەی ژیۆپۆلیتیکی کوردستان بە مەبەستی بەرفراوانکردنی دەسەڵاتی سەربازیی خۆیان کەڵک وەرگرن. بۆ ئەم مەبەستانەش کورد دەتوێننەوە یان کۆمەڵکوژی دەکەن و بە ڕێگای سیستەمی پەروەردە و میدیایی مۆدێرنەوە سووژەی کوردی بەکۆلۆنیکراو دروست دەکەن.

کۆلۆنیالیزمیئێرانلەکوردستان

هەروەک پێشتر ئاماژەی پێ کرا، دەسەڵاتی ئێران بەسەر کوردستاندا سروشتێکی کۆلۆنیالیستی هەیە. بەڵگەکانی ئەم ئیددعایە ئەوەیە کە ئێران خەریکە سەرچاوە سروشتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەت ئاو و نەوت و زێڕ، تاڵان دەکات. زۆربەی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوەی ئێران لە کوردستانن چونکە تەنیا زنجیرەچیای زاگڕۆس بەرفگرە و سەرچاوەی چۆمەکان و ڕووبارەکانە. فارسەکان خۆیان لە ناوچە وشکارۆکانی دەوروپشتی کەویری لووت دەژین و جگە لە ئاوی ژێر زەوی هیچ سەرچاوەیەکی ئەوتۆیان نییە. بۆیەش دەستیان بردووە بۆ تاڵانکردنی ئاوی کوردستان. بۆ نموونە، ئاوی ڕووباری سیروان بە ڕێگای تونێلێکەوە دەچێت بۆ ئیسفەهان و کشتوکاڵی پێ دەکرێت. ئاوی بەنداوی بۆکان دەچێتە تەورێز و ناوچە عەجەمەکانی پێ ئاوەدان دەکرێتەوە. هەروەها زێڕی مەعدەنی تیکاب تاڵان دەکرێت و هیچ بەشێک لەو زێڕە بۆ کوردستان بە کار ناهێنن. ئەوە جگە لە تاڵانکردنی نەوت و قیری سروشتی لە ئیلام و لورستان.

   بەڵام جگە لە لایەنی ئابووری، لایەنی ژیۆپۆلیتیکی کوردستانیش زۆر گرینگە. کوردستان هارتلەندی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە واتە بە هۆی شاخاویبوون و بەرزبوونتربوونی جوگرافیای کوردستان هەر دەوڵەتێک بەسەر کوردستاندا زاڵ بێ، بەسەر ناوچەکانی دیکەی وڵاتەکانی دەوروپشتدا زاڵ دەبێ. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دەستهەڵنەگرتنی کۆلۆنیالیستەکان لە کوردستان ئەم بابەتەیە. بۆ نموونە، گرینگیی شنگال بۆ هەر یەک لە لایەنەکانی عێراق و تورکیا و داعش لەودا بوو کە ئەگەر شنگالیان بە دەستەوە گرتبا، دەیانتوانی بەسەر دەشتی نەینەوا و تەنانەت سووریاشدا زاڵ بن. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش زنجیرەچیای زاگڕۆس لەڕووی ژیۆپۆلیتکەوە زۆر گرینگە و دەبێتە هۆی زاڵبوونی ئێران بەسەر ناوچە دەشتاییەکانی ناوچەکەدا.

دەرەنجام

لێکدانەوەی کوردستان وەک کۆلۆنی دەتوانێت بەرچاوڕوونی سەبارەت بە سروشتی دۆزی کورد بە خەڵک و نوخبە سیاسییەکان ببەخشێت. هەروەها لەبەرچاوگرتنی کوردستان وەک کۆلۆنی دەبێتە هۆی داڕشتنی پلانێک بۆ ڕزگاریی هەمیشەیی کە سیاسەتی عەمەلیی کوردستان لە دۆخی سەرلێشێواوی دەرباز دەکات. لە هەلومەرجی ئێستادا ئەو سەرلێشێواوییە لە سیاسەت و کردەوەکانی هەموو حیزبە کوردییەکاندا دیارە. بەڵام خەڵکی کوردستان، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵات ماوەیەکی زۆرە بەو دەرئەنجامە گەیشتووە کە تاکە ڕێگای ڕزگاریی هەمیشەیی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانە و بۆ ئەم مەبەستەش بەردەوام لە مەیدانی سیاسیدا ئامادە بووە و قوربانی داوە، ئەگەرچی ئەو قوربانیدانە ئاراستەیەکی دیاریکراوی نییە و پێویستە نوخبەی نەتەوەیی کورد بە پلانێکی تۆکمە ئەو هەلە مێژووییە بقۆزێتەوە و وڵات بەرەو سەربەخۆیی بەرێت. پەیوەندیی بەردەوامی نوخبەی نەتەوەیی و کۆمەڵانی خەڵک پێداویستییەکی حاشاهەڵنەگرە. لە کۆتاییدا تەنیا نەتەوەی کورد دەتوانێت بڕیار بۆ چارەنووسی خۆی بدات و کەس ناتوانێت بێ مێکانیزمێکی دێموکراتیکی وەک هەڵبژاردن یان گشتپرسی خۆی بە دەمڕاستی ئەو نەتەوە گەورەیە بزانێت. 

سەرچاو

چارنت

Website | + posts