هەڵەی کوردەکان چییە؟

ئورشەلیم پۆست – ئامۆتز ئاسائێل
وەرگێڕانی کەمال حەسەن پوور

جان ئێف كێنێدی لە وتاری دەستپێکی سەرکۆمارییەکەیدا گوتی: “با سەرجەم نەتەوەکان بزانن، کە ئێمە هەر نرخێک پێویست بێ دەیدەین، هەر بارێک پێویست بێ هەڵی دەگرین، بەرەوڕووی هەموو جۆرە دژوارییەک دەبینەوە، پشتگیریی گشت دۆستەکانمان دەکەین، بەرەوڕووی سەرجەم دژبەرانمان دەبینەوە تا مانەوە و سەرکەوتنی ئازادی مسۆگەر بکەین.”
پاشکۆی دۆناڵد ترامپ بۆ ئەو لێدوانە (گشت نەتەوەیەک جگە لە نەتەوەی کورد) ئاشکرایە کە شەرمەزارییە، بەڵام شینگێڕیی بۆ ئەو خیانەتە ناتوانێ جێگرەوەی ئەو بەخۆداچوونەوە بێ کە کوردەکان دەبێ بیکەن و ئەوە شتێکە کە زایۆنیزم دەتوانێ زانیارییان پێ ببەخشێ.

دوای تەنیاهێشتنەوەی ئەو دواییانە، ناسیۆنالیستە کوردەکان دەبێ لە پێش هەمووشتێکدا لەخۆیان بپرسن کە بۆچی ئەوان جار لە دوای جار خیانەتیان پێ دەکرێ، و پاشان هەندێک وانە لە مێژووی زایۆنیزم وەرگرن.

خیانەت یەکێک لە دیاردەکانی ژیانی کوردان لە سەدەی ڕابردوودا بووە. یەکەم خائینەکان خاوەن دەسەڵاتانی ئوروپایی بوون کە لە ڕێککەوتننامەی سیڤەر لە ١٩٢٠ بەڵێنی وڵاتی سەربەخۆی کوردانیان دا، بەڵام لە ڕیککەوتننامەی لوزان لە ١٩٢٣ پشتیان لەو بەڵێنییە کرد.

پاشان نۆرەی سۆڤیەت بوو، کە پشتگیریی لە کۆماری کوردستان لە مەهاباد کرد کە لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران دامەزرا، تا ئەو کاتی کە سوپای سوور لە ئێران کشاوە و کوردەکانی بە تەنیا جێهێشت.

دوایە ئێران هات، کە شایەکەی لە سەرەتای حەفتاکان لە پێشدا پشتیوانیی لە کوردان کرد تا دژی عێراق شۆڕش بکەن، بەڵام لە ١٩٧٥ ئەوانی لە بەرامبەر پاشەکشەی عێراق لەسەر ڕووباری شەتتولعەڕەب، بۆ تووڕەیی سەددام حوسێن جێهێشت.

ئەوسا وڵاتە یەکگرتووەکان هات، کە خیانەتەکەی دژی کوردان بە ترامپ دەستی پێ نەکرد، بەڵکو بە بوشی باوک لە ١٩٩١، کاتێک کە ئەو کوردەکانی هاندا کە دژی سەددام بوەستنەوە، تەنیا بۆ ئەوەی کە وەک تەماشاوانێک بڕوانێتە سەددام کە سەرهەڵدانەکەیانی سەرکوت کرد.

ئەو بێبەختییە ژێئۆپۆلیتیکەی کە کوردەکان تووشی دەبن جێگای سەرسوڕمانە، بەڵام هەموو ئەوانە بە لەبەرچاو گرتنی ئەو سامانە زۆررانەی کوردان لەبەردەستیاندا لەڕاددەبەدەر سەیرە.

کوردەکان مەزنن، ڕێژەیان دەگاتە ٤٠ میلیۆن کەس کە خەڵکەکەی لەسەر خاکێکی پێکەوە لکێنراو بەقەد ژاپۆن بڵاو بوونەوە کە بەشێک لە وڵاتانی تورکیە، سووریە، عێراق و ئێران دەگرێتەوە. لە بواری ئەتنیکییەوە غەیری عەڕەبن، کوردەکان زمانی خۆیان هەیە و شانازیی بە ئەدەبیاتێکەوە دەکەن کە دەگەڕێتەوە بۆ چەندین سەدە پێش ئێستا.

بە واتایەکی دیکە، کوردەکان لە ڕوانگەی مافی چارەی خۆ نووسین هیچیان لە فەڕانسەییەکان، سعودییەکان و ڤییەتنامییەکان کەمتر نییە، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە وردیلە نەتەوەی وەک ئەستۆنی، کۆسۆڤۆ و تیموری ڕۆژئاوا خاوەنی دوەڵەتی سەربەخۆی خۆیانن.

درووستە کە کوردەکان توانیان ناوچەیەکی ئاوتۆنۆم لە باکووری عێراق، لە دوای دەیەی ڕابردووی لەسەرکار لادانی سەددام حوسێن، وەدەست بێنن. بەڵام ئەو ناوچەیە، کە تەقریبەن بەقەد [ئەیالەتی] مەریلەند [لە ئامریکا] دەبێ و شوێنی نیشتەجێبوونی یەک لەسەر پێنجی سەرجەم کوردانە، لە کەلكوەرگرتن لەو قیرانە دەیان ساڵەیەی جیهانی عەڕەب ناسەرکەوتوو بووە. ئەوەی ڕاستی بێ، ئەو بە پێچەوانە جووڵاوەتەوە، و ئەوە ڕاست ئەو شوێنەیە کە دەبێ ئازادیخوازانی کورد یەکەم وانە لە زایۆنیزم وەرگرن.

یەکەم شت کە زایۆنیزم خەباتی بۆ کرد یەکگرتوویی جووەکان بوو.

لەو کۆنگرەدا کە پرۆژەی زایۆنیست تێیدا ڕاگەیەنرا تەنیا سەرەتای خەونێکی دوورەدەست بوو کە بە تووندی لە لایەن زۆربەی قەشەکانەوە دژایەتی کرا، هەردوو تاقمی ئولترا ئورتۆدۆکس و رێفۆرمیست، کە کۆمۆنیست، سۆسیالیست، بوندیستەکان[ڕێکخراوێکی سوسیالیستی جووەکانی لیتوانی، لەهستان و ڕوسیە] و یددیشیستەکان [جووڵانەوەیەکی زمانیی و کولتوریی جووەکانی ڕۆژهەڵاتی ئوروپا] لەگەڵیان هاوڕا بوون.

دەیان ساڵی پێچوو، بەڵام کاتێک کە ڕێبەرە زایۆنیستەکان بڕیاری ڕاگەیاندنی سەربەخۆییان دا، ئەوان تەقریبەن لە لایەن تەواوی جووەکانی جیهانەوە پشتیوانییان لێکرا. بە بێ ئەو پشتیوانییە بەربڵاوە، لەوانەبوو دەوڵەتی جوو قەت لە دایک نەبووبا.

کوردەکان ئێستا لە جووی سەردەمی تیۆدۆر هەرتزل لێک پرش و بڵاوترن. دووبەرەکییەکانیان بە شێوەیەکی تراژیک دوو ساڵ بەر لە ئێستا دەر کەوت، کاتێک کە هەرێمی کوردستان گشتپرسی سەربەخۆیی بەڕێوە برد لە کاتێکدا کە سەرۆکی ئەوکاتی هەرێم مەسعود بارزانی و بافل تاڵەبانی کەوتبوونە دوو بەرەی جیاواز.

بارزانی ئیددیعای کرد کە ٪٩٣ لە دەنگدەران بە دەنگی “بەڵێ” وەڵامیان داوەتەوە بەڵام شکستی ئەو لە کۆکردنەوەی پشتیوانیی لە لایەن زۆرینەی ڕێبەرانی کورد پێش قومارێکی وەها مەزن دەرکەوت کە کوشەندە بوو. بە تێگەیشتن لەو دووبەرەکییەی کوردان و بە کەڵکوەرگرتن لێی، هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی هێرشیان کردە سەر شاری کەرکوک، زیاتر لە یەک لەسەر سێی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان داگیر کرد و دەستیان بە سەر بەشی هەرە زۆری ئەو نەوتە داگرت کە سەرچاوەی داهاتی بوو.

کاتێک کە دەیڤید بێن گوریۆن لە مانگی مای ١٩٤٨ تووشی پرسێکی هاوشێوەی ئەوەی بارزانی لە ٢٠١٧ بوو، ئەو خۆی لەوە دڵنیا کرد کە هەموو لایەک پشتگیریی لە سەربەخۆیی بکەن، لە ناویاندا نوێنەرانی بەرهەڵستکارەکەی واتە حیزبی ڕێڤیزیۆنیست، لەگەڵ ئەو قەشەیە کە نوێنەری تاقمی ئولترا ئۆرتۆدۆکسەکان بوو کە لە سەراتادا دژی بیرۆکەی زایۆنیستی بوون بڕیارنامەی سەربەخۆییان واژۆ کرد.

کەوابوو یەکەم وانەی زایۆنیستی بۆ کوردان ئەوەیە: یەکگرن! نە تەنیا لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە هەرچوار پارچە، بە شێوەیەک کە هەرچی هەر پارچەیەکتان دەیکا یا نایکا، ڕەنگدانەوەی ویستی یەک ڕێبەریی بێ.

وانەی دووهەم: ڕێبەرێکی نەتەوەیی ببیننەوە!
وەک شتەکان ئێستا دێنە بەرچاو، بەناوبانگترین ڕێبەری کورد عەبدوڵڵا ئۆجەلانە. ئەوە شتێکی خراپە بۆ پرسی کورد چونکە نوێنگەی ناوبراو، پارتی کرێکارانی کوردستان، هەم لە واشینگتۆن و هەم لە بروکسێل وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستیی دێتە ئەژمار. ئەوە هاوشێوەی کاتێکە کە مەناخێم بێگین ڕێبەری جووەکان بوو لە ١٩٤٨.

پرسی کورد پێویستی بە ڕێبەرێکە کە بە تەواوی دوور بێ لە تووندوتیژی سیاسی ، و لە هەمان کاتدا کۆمەڵگای ناونەتەوەیی ستایشی بکات، وەک چۆن خایم وایزمەن ڕیبەری زایۆنیزم لە بیستەکان و سییەکانی سەدەی ڕابردوو لەناوخۆ دژبەری نەبوون و لە دەروەش ستایشیان دەکرد.

لە کۆتاییدا، پرسی کورد پێویستیی بە فۆکوسە [جەختکردنەوە لەسەر شوێنێک]. دۆخی هەنووکەیی کە چەندین لایەنی کورد هاوکات و بەشێوەیەکی لێک بڵاو بەروڕووی چوار دەوڵەتان بوونەوە هەرگیز سەر ناکەوێ.

فۆکوسی سەربازیی بۆ وێنە دەیتوانی بەو شێوە بێ کە خۆ لە نمایشی سووریە بەدوور بگرێ تا بتوانێ برەو بە درووست کردنی دەوڵەت لە باکووری عێراق بدا، یا لە ٢٠١٦ ڕێزی لە داوای تورکیە گرتبا کە داوای کردبوو کە کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوڕات بمێننەوە.

جەختی سیاسی بەو مانایەیە کە داوا لە جیهانی ئازاد بکرێ کە تورکیە قەدغەکردنی قوتابخانەی کوردیی وەلانێت. هەموو ئازادیخوازێک دەبێ پشتیوانیی لەو داوایە بکا، بە هەمان شێوە کە ئازادیخوازان دژایەتی هێزی دەریایی بریتانیایان کرد کە پێشی بە هاتنی گیان بەدەربردووانی کۆمەڵکوژیی جووەکان بە دەست هیتلەر بۆ هاتن بۆ کەنارەکانی وڵاتی زایۆن کرد.

هەموو ئەوانە بۆیە ناڵێم کە بمهەوێ بڵێم جووەکان بەتایبەتی ژیر بوون. ئەگەر ئەوان بە ڕاستی ژیر بان، دەوڵەتی خۆیان هێندە زوو دادەمەزراند کە بتوانن پێش بە کۆمەڵکوژیی بگرن.
بە خۆشییەوە کوردەکان بەرەوڕووی هیتلەر نەبوونەوە، و بە پێچەوانەی جووەکان، ئەوان ٤٠ میلیۆن کەسن کە هیچکامیان پێویست بەوە ناکا کە بگەڕێندرێنەوە سەر خاکی باو و باپیرانیان، چونکە ئەوان هەر ئێستا لە ماڵی خۆیانن. تەنیا شتێک کە پێویستیان پێیەتی ڕێبەریی باشترە.

Website | + posts