گۆڕانی بنەمایی

دارا مۆستەوفی

گۆڕانی بنەمایی

دووای نەمانی ئۆتۆریتەی مەیدانی ڕێکخراوە سیاسییەکان، کۆمەڵگای ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تووشی بۆشاییەکی گوتاری لە ڕووی سیاسییەوە بوو کە لە سەرەتادا وەکوو هەڕەشەیەک لە سەر داهاتوو و بەرخۆدانی مێژوویی جەماوەر و خەڵک دەبینرا و باس و شڕۆڤەکان بێ هیوایانە هەڵبژاردنی ڕێگەگەلێک وەک چالاکی مەدەنی و تەنانەت نزیک بوونەوە لە دەسەڵاتی وەکوو تەنیا ڕێگە پێناسە دەکرد. هاوکات کۆمەڵگای ئێمە لە ڕووی پیشەسازی و خزمەتگوزارییەوە جیاوازییەکی زەقی لەگەڵ ناوچە و شارەکانی دیکە هەبوو و ئەمە لە نێو پەیوەندی کۆمەڵێک خوێندکار و بنەماڵە کە ژیان و چالاکییان بەسترابوویەوە لەگەڵ ناوەند و مەڵبەندە ناکوردییەکان، هەستێکی دوواکەوتوویی کەلتووری، شاردنەوەی بە ئەنقەستی نۆرمە کوردییەکان و هەروەها جۆرێک لاسایی کردنەوەی لە خۆگرتبوو کە بۆ خۆی سەرمەشقی گوتاری ڕێفۆرمیستی لە کوردستان و هۆکاری چاولێکەری زۆربەی ڕووناکبیران لە ناوەندە کەلتووری و فکرییەکانی دەرەوەی کوردستان بوو. ئەم فەزایە بەردەوام لەگەڵ شکەستی سەربازی و سیاسییەوە خۆی لە نێو چاولەدەست بوونێک پێشان ئەدات کە تێیدا هەست بە هیچ دەرفەتێکی دیکە نەدەکرا، تەنیا بەرزبوونەوەی ڕێژەی چالاکی دامەزراوە کەلتوورییەکان بوو کە بە بێ ئەوەیکە گوتاری سیاسی و هزری هەبێت، هەوادارانی بیری نەتەوەیی و کۆبوونەوەی گەنجانی لە خۆ ڕادەگرت. ئەم کەشە هەرەوەها پێشانی دا کە نەبوونی گوتاری سیاسی تەنیا کێشەی داسەپێندراو بەسەر کۆمەڵگا نەبوو، بەڵکوو پرسی فکری، کەلتووری، ناسنامە و داخوازی بۆ ژیانی باشتر کە تێیدا تاکەکان پەروەردە دەبن بوویە چەقی ڕوانین و چالاکییەکان لە کوردستان کە بە شێوەی نەریتی و لەبەر نەبوونی پێناسەیەکی دیکە دیسانەوە لە ژێر چەتری تێرمی سیاسەت و کوردایەتی مایەوە. بۆشاییەک کە لە نەبوونی ڕێگە چارەی سیاسییەوە سەرچاوەی گرتبوو وردە وردە پرسە کۆمەڵایتییەکانی جیاواز و فرە ڕەهەند دەردەخست. ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای زەبری داگیرکاری، لە دۆخی تەنگەتاوی و ناکاو دەرباز بووبوو و هیچ گوتارێکی سیاسی و ڕێکخراوەیی نەیدەتوانی بەردەنگی بەرچاو بدۆزێتەوە چونکە ئەساسەن فراوان و ئاسان بوونەوەی دەسڕاگەیشتن بە زانیاری و زانست و هەروەها خواستی بەرەی نوێ کە لە کەشی شەڕ و گرفتی ناوخۆیی پەروەردە نەبووبوو ئەم ڕاستییەی ئاشکرا کرد کە کوردستان تەنیا ناسنامەیەکی سیاسی نییە کە گوتاری بەرخۆدان و خۆڕاگرتن تەواوەن بوون و وزەی ئەو داپۆشێنێت، بەڵکوو کوردستان خاوەن کۆمەڵگایەکی مرۆیییە کە لە دەرەوەی هاوکێشە سیاسی و سەربازییەکان دەژی و ئەم ژیان و گۆڕانکارییانە زۆرتر تابێعی دینامیسمی ناوخۆییە تاکوو ڕێبازێکی دیاریکراو. کەواتە دەکرێ ئەم دۆخە وەکوو تاقی کردنەوەیەکی گرنگ چاو لێ بکەین و ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە بینەوە کە ئایا تەنیا ڕێبازپەرستی سیاسی و ئایدیاڵۆژیک ناسنامەی کوردستانی دەپارێزێت یان فامی کوردستان وەکوو کۆمەڵگایەک، لەوەپێش ناسنامەی لەگەڵە؟ ئایا لە بزاڤی کۆنی ئێمەدا جیهانبینی کوردی جێگەی خۆی بە ڕێبازپەرستی سیاسی نەدابوو؟ تا ئاستێک کە ڕێبازی سیاسی بە گوتاری خۆڕاگری ناسنامەی کوردستانیشی بە مڵکی خۆی دەزانی؟گۆڕانکاری و نیشانەکانی ئەمڕۆ ڕاشکاوانە پێشانی دا هێما و سنوورە سیاسییەکان (حزبی) دەتوانن لە مانا بکەون بەڵام ژیان کوردستانی بمێنێتەوە؛ چونکە ئەساسەن کوردبوون وەکوو نۆرم و ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەندامانی کۆمەڵگای ئێمە لەگەڵ مۆدێرنیتەی کەلتووری لەسەر جیهانبینییەکی پێکبەستراو بە جیهان-ژینی کوردستانییەوە وەستاوە و ئێستا بەرە هەڵگری ئەم ناخە ناسنامەییەیە. ئەم گۆڕینی بنەماییە پێشانی دا دەکرێ بە بێ سیاسەت وەکوو پرسێکی ئایدیالۆژیک ژیانی کوردی بەردەوام بێت، تەنانەت لە ژێر داگیرکاری و ئاسمیلەیشندا خوڵقێنەر، کوردستانی و هەڵگری ڕوانین بۆ شڕۆڤەی دۆخی داهاتووی خۆی بێت.

بەرەی نوێ و کەلتوور

بۆ تێگەیشتن لە بەشێکی هەرە گەورەی گۆڕانکارییەکان دەبێ وردبوونەوە لە پەیوەندی بەرە و کەلتوور بکەین بە چەقی تێگەیشتن لەم داخوازی و خۆناساندنەوە نوێیە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تووشی وەرچەرخان کردووە. بەرەی نوێی کوردستان ڕاشکاو و بە پێی ڕاستییەک کە لە دەرەوەی ئایدیالۆژییە، لە خۆی، دەور و بەر و جیهان تێ دەگات. هەروەها ڕاشکاوانە لە پەیوەندییەکی دیالۆگی لەگەڵ خۆی بەشدارە کە تێیدا پێگە کۆمەڵایەتییەکان وەکوو هیراشی کە بایەخی مرۆڤەکان پێناسە بکات نابینێت بەڵکوو جۆرێک لە شایستە بوون، نوێ خوازی و ئەنجامدان بە ڕێکو پێکی پێشەکی بە زاتباوەڕی پەیدا کردووە، بە تایبەت ئەم گۆڕینە لە نێو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەرچاوترە. بەرەی نوێ لە جێی ئەوەیکە بۆ پابەندمانەوە بە ناسنامە لە چالاکی و کردە بێ، خودی ناسنامەکەی حەز، ڕوانین و چۆن داوەری کردنی ئەوی خۆڕسکانە ئاراستە بەخشیوە. هەر بەم پێیە سەربەخۆیە و دابڕاوە لە گوتاری سیاسی وەکوو بانگەوازێک بۆ کوردپارێزی. لە دەربڕینێکی هێماییندا کوردپەرەوەر نییە بەڵکوو پەروەردەی نەریتی زیندوی کوردییە. ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مۆدێرنیتەی کەلتووری-فکری ڕەنگە لە یەکەم قۆناخدا وەکوو هەرەشەیەک بۆ ناسنامەی کۆیی بخوێندرێتەوە بەڵام بە پێچەوانە چونکە دابڕان لە نەریت ڕوویداوە، کوردبوون وەکوو عەدەت جێگەی خۆی بە کوردبوون وەک پرسێکی تاکی و ناسنامەیی ئەدات کە کەلتوور لە خۆیدا ئەتوێنێتەوە و بۆیە دەسبەجێ هەڵس و کەوت و پێناسەی ئەرکە نوێیەکان بۆنی کوردی بە خۆیەوە دەگرێ. چوارچێوەی کەلتووری کۆن کە زۆرتر نوێنەرایەتی سیاسی هەیە و نەک فانکشنی کۆمەڵایەتی لەم گۆڕینە تێ ناگات و تێنەگەیشتن لێی بووەتە هۆی ئەوەیە وەکوو گۆڕانکارییەکی مەترسیدا پێناسەی بکات؛ چونکە هێما، دروشم و کوردمانەوە جێگەی بە کوردبوون، گوتاری ڕاشکاو و کراوەیی داوە.

ناسنامە تەنیا سیفەتێکی دەرەکی و سیاسی نییە کە وەک هەڵوێست دەبێ خۆتی تێیدا ببینیتەوە بەڵکوو ناسنامە وەکوو کوردبوون وڵام بەو پێداویستییانەی ژیان ئەداتەوە کە تێیدا بەشوێن ڕێگە و ڕاڤە دەگەڕێ تاکوو مانا و نۆرم بخوڵقێنێت و ڕایبگرێت. ئەم هۆکارە دەبێ ببێتە هەوێنی گۆڕینی ڕوانین سەبارەت بە کۆمەڵگاکەمان؛ بە وتەیەکی دیکە لە خوێندنەوەی سیاسی کۆمەڵگا دەبێت بەرەو خوێندنەوەیەکی کەلتووری-مرۆڤ ناسانە هەنگاو هەڵبنێین.

نۆرمەکانی پێشووی کەلتوور لە هەڵس و کەوتی بەرەی نوێدا شتێکی نەگۆڕ نییە و شتێک کە تەواوەنیش بکرێت بگۆڕدرێیتیش نییە بەڵکوو مامەلە لەگەل نەریت نوێخوازانە ڕوو دەدات و بە بێ هەوڵ بۆ گشتاندن دەتوانین بڵێین کە ئەو بەشانەی نەریت کە دەتوانێ لە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ مۆدێرنیتە پاڵپشتی تاک بێت دەمێنێتەوە و دووبارە وەکوو مانا وەردەگیرێت و ئەو بەشانەی کە تەنیا تایبەتمەندی کۆیی هەیە ئەولا دەنرێت. هەرچەن ئەم تاکی بوونەوە بە واتای دابڕان لە کۆمەڵگا نییە بەڵکوو بەشداری تاکی لە کۆمەڵگایە کە بۆ خۆی فۆرمێکی نوێی هەیە؛ چونکە پێشووتر بەشداری کۆیی بۆ کۆمەڵگا دەسی بەسەر داوەری و بەشدارییە مەدەنییەکان دادەگرت بەڵام ئێستا کوردبوون وڵام بەو ژێر پێ خاڵی بوونەوەی مرۆڤ ئەدات کە مۆدێرنیتە وەکوو تەنیایی تاک بەرهەمی دەهێنێت. بەرەی نوێ نەریت وەکوو ئامرازێکی مانایی کە تەواوە نابینێت بەڵام خۆیشی بەرهەمی نەریتێکی هەنووکەیە؛ ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەیکە جیهانی کۆمەڵایەتی هەمان جیهانی تاک بێت چونکە ئەوە هەست بە چارەنووسی هاوبەشە کە هەردەم نەتەوەی ئێمەی پاراستووە؛ تایبەتمەندییەک کە ئێرانییەکان خاوەنی نین بۆیە قەیرانی شوناس کە لێکەوتەیەکی گۆڕانکارییە جیهانییەکانە ئەوانی لاواز کردووە و بە ئێمە ئیمکانی خۆدیتنەوەی داوە. کەواتە دەبێ بۆ تێگەیشتن لە خواستی بەرەی نوێ و پێداویستییەکانی ژیانێک کە تاک بەرهەم دەهێنێت، بە تەواوەتی کراوە بین.

داهاتوو، سیاسەت و دامەزراوە

قەیرانی هزری، داخراوەیی و سێکتاریسم لە سیاسەتی ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە هۆی ئەوە ڕاستی و پۆتانسیێڵەکان لە نێو بیر و ڕای گشتی دابپۆشرێت و ڕاڤەیەکی ئایدیالۆژیکی لێ بکرێت؛ ئەوەندەی کە ئەمڕۆ ئەم کێشە بنەڕەتییە ناشاردرێتەوە ئەوەندەش زەرورەتی دروسبوونی پلاتفۆرمێکی سیاسی نوێ بەرز بووەتەوە. پێویستی سەرەتایی تێگەیشتن لە پلاتفۆرمێکی نوێ دووربوونەوە لە پەرچەکردار هەم ڕوو بە ناوەوە و هەم ڕوو بە دەرەوەی کوردستانە. پەرچەکردار و خۆپێناسەکردن لە بازنەی ئەویتر و ڕەقیبی سیاسی ئاستی شڕۆڤە و بە گەڕخستنی تواناییە مرۆییەکان دادەشکێنێت. بۆیە وا دەردەکەوێ پلاتفۆرمی سیاسی دەبێت لە خواستێکی هزری و لەگەڵ پەتێرنێک لە کەلتوورێکی شیاو کە بتوانێ تۆلێرانس، کاری هاوبەش و بیرکردنەوە کە لەسەر بەرژەوەندی نەتەوەیی ڕاوەستاوە سەر هەڵبدات. گەر پلاتفۆرمی سیاسی بتوانێت چوارچێوەیەکی نوێی کەلتووری پێشکەش بکات ئەوە داهاتوو، خۆبەشی و کار دەخاتە جووڵە و ئەمە پێویست ترین تێگەیشتنێکە کە دەبێ لێیەوە کوردستانی بوون مانا کەینەوە تاکوو هاووڵاتی بوون و جیهانی مۆدێرن لە سیاسەت و گوتارسازیدا بە یەک گەیەنەوە و بەرژەوەندی تاکیی هاونیشتمانی لەگەڵ بەرژەوەندی نەتەوەیی و کۆیی هاودەق بێت. ئەمڕۆ وێنای داهاتوویەکی ئازاد و کراوە دەتوانێ تێکشکاوی و دووپات کردنەوەی هەڵەکان بسڕێتەوە و لە ڕوانینێکی زاتباوەڕانە ڕووبە کۆمەڵگا و کەلتووری کوردی دوورمان خاتەوە؛ ئەم کرانەوەیە دەتوانێ بوێرانە نوێخواز بێت. پێشەکی دان بە داهاتوو ئەو ئیمکانە دەخوڵقێنێت کە واقعیەت وەکوو ئەوەیکە هەیە و دەبێ ملکەجی بین نەبینین بەڵکوو پۆتانسیێڵی واقعیەتی کۆمەڵگامان بکەینە بنەمای داڕشتنی پرۆژە و گفت و گۆی ناوخۆیی. زاڵ بوونی کەشی هزری تەنیا بەم داهاتووخوازییەیە کە مسۆگەر دەبێت؛ پرسی کوردستان وەکوو پرسێکی مەعریفی سیاسەت بوێر و تیژبین دەکات و فورمولە کردنی ئەم هاوفکرییە لەگەڕە کە قەوارەی دامەزراوەیی ئەرک و بایەخەکانی دابەش دەکات؛ دەتوانێ ڕەهەندی سیاسی کراوی بزاڤی نەتەوەیی ئێمە بکات بە ڕەهەندێکی خۆناسانانە و گەر دەرکەوێت ئەمە وەرچەرخانێکە کە لە مێژووی کاری هاوبەشی ئێمەدا بێ وێنەیە.

Website | + posts