پرسی دێموکراسی و ناسنامە

سیروان ڕێناس

پوختە

دێموکراسی چ وەک سیستەم، چ وەک هزرێک لەسەر کۆمەڵێک پێشگریمانە دامەزراوە. یەکێک لە سەرەکیترین پێشگریمانەکان ئەوەیە کە دیمۆکراسی لە کۆمەڵگەیەکدا دەکرێ بەکردەیی بکردرێت کە ئەو کۆمەڵگەیە خاوەن و هەڵگری یەک کولتووری نەتەوەیی بێت. بە واتەیەکی تر، لە یەک نەتەوە پێک هاتبێت. هەر بەم هۆکارە دێموکراسی لە دەوڵەتە فرەنەتەوەکاندا ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵ بووەتەوە. لە دەوڵەتێکی فرەنەتەوەدا، سیستەمی سیاسی ئەگەر دێموکراتییش بێت ئەوە بە هۆی قەیرانی ناسنامە و نەبوونی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی لە نێوان هەمووی هاووڵاتییاندا تووشی قەیرانی ناسنامە دەبێتەوە. لەبەر ئەوەی کە سیستەمی دەوڵەتی دێموکراتی کەچەشنێکە لە دەوڵەتی مۆدێڕن لەسەر ئایدیای هاووڵاتیبوون دادەمەزرێت؛ واتە لەسەر ئەم بنەمایە کە هەموو تاکەکان هاووڵاتیگەلێ ئازاد و یەکسانن لە ماف و ئازادییەکاندا. هاووڵاتیبوون پەیوەندی نێوان سەروەوری[1] و تاکەکان دیاری دەکات. لێ کێشەکە لەمەوە دەست پێدەکات کە هاووڵاتیبوون تاکەکان تەنێ وەک تاک دەبینێت و ماف و ئازدییەکانیش تەنێ بە تاکەکان ڕەوا دەبینێت. لێرەدا خاڵێکی گرنگی مرۆڤناسانە لەبیر کراوە. ئەویش ئەمەیە کە مرۆڤ لایەنێکی پەیوەندیداری قووڵی بە کۆمەڵگە و کولتوور و نەتەوەکەیەوە هەیە. بۆیە ناسنامەی نەتەوەیی تاکەکانیش دەبێ وەک ماف و ئازادییەکی ڕەوا ببیندرێت. لە دەوڵەتێکی فرەنەتەوەدا دەبێ هاووڵاتییەکان هەم وەک تاک هەم وەک ئەندامی سەر بە نەتەوەیەک ببیندرێن و ناسنامەکەیان وەک ماف و ئازادییەک، وەک پێداویستییەکی سەرەکیی ژیانیان قبووڵ بکردرێت و دانی پێدابنرێت. دێموکراسی تا ئەمرۆ بایەخێکی ئەوتۆی بە ناسنامەی تاکەکانی سەر بە نەتەوەی کەمینە نەداوە و هەوڵی داوە بە جۆرێک لەناو نەتەوەی سەردەستدا بیانتوێنێتەوە. بەم هۆکارە، دێموکراسییش وەک سیستەمێک ناتوانێ وەڵامدەری پرسی نەتەوە بێدەوڵەتەکان بێت. پرسی کەمینە نەتەوەییەکان تەنیا لە دانپێدانان و بەفەرمیناسینی تەواو دێتە چارەسەرکردن.

لە ئەنسیکلۆپیدیای دێموکراسیدا بەم شێوەیە لەمەڕ دێموکراسی نووسراوە؛ «پێناسەی سەرەکیی دێموکراسی بریتییە لە “سەروەریی خەڵک” کە لە وشەییۆنانیی کۆنیdemokratia وەرگیراوە، ئەویش لە دو وشەیdemos (خەڵک) و kratos (دەسەڵات)  پێکهاتووە. بەڵام ئەم پێناسەیە کە بەڕواڵەتڕوونە، هەندێک پرسی گرنگی تیۆری و کردەوەی سیاسی دەشارێتەوە، چونکە نە واتای خەڵکڕوونە، نە واتای سەروەری» (Lipset, 1995, Volume 2 : 700). بەم جۆرە پێناسەکردنی دێموکراسی ئاڵۆزیی تایبەت بەخۆی هەیە. بەڵام لێرەدا مەبەست ئاماژەکردن بەم ئاڵۆزییە لە دەوڵەت-نەتەوەیەکدا نییە، بەڵکوو مەبەست ئەو ئاڵۆزییە لە دەوڵەتێکی فرەنەتەوەدا بە نیسبەت مافەکانی نەتەوە بندەستەکانە.

دیکتاتۆریی زۆرینە لە دێموکراسیدا

دێموکراسی لە یۆنانی کۆندا واتایەکی نەرێنی هەبوو، بە جۆریک کە بیرمەندانی ئەوکات دژی دێموکراسی بوون (Crick, 2002:15-19). بۆ نموونە پلاتۆ لە دێموکراسی بێزار بوو (Ibid: 1). دێموکراسی لە واتا کۆن و کلاسیکەکەیدا بە واتای سەروەریی دەنگی زۆرینەیە، بەڵام بە هۆی ئەو گۆڕانکارییە بنەڕەتییانەی کە مۆدێڕنیتی بەسەر زەین و ڕامانی مرۆڤیدا هێنا و بە لەدایکبوونی «تاک» ئەو پرسیارە هاتەوە ئاراوە کە ئایا دەکرێ بە دەنگی زۆرینە و لەژێر ناوی دێموکراسیدا و بۆ بەرژەوەندیی زۆرینە، دەنگی تاکەکان و گرووپە کەمینەکان کپ بکەین؟

بە لەدایکبوونی «تاک» ئەو پرسیارە هاتە ئاراوە کە چ شتێک پەیوەندی بە چ کەسێکەوە هەیە؟ هێڵی نێوان پانتایی خۆکەسی و پانتایی گشتی چۆن دیاری دەکردرێت؟ لەمڕەهەندەوە باس لە پێویستیی هەبوونی هێڵێک لە نێوان پانتایی خۆکەسی و پانتایی گشتیدا هاتە ئاراوە. جان ستوارت میل(1859) لە کتێبی «دەربارەی ئازادی»[2]دا بۆ یەکەم جار مەترسییەکانی دیکتاتۆریی زۆرینەی ئاشکرا کردو نیشانی دا کە دەنگی زۆرینە بە واتای هەقیقەتنییە. بە باوەڕی ئەو هەندێک لە ڕەفتار و کردەوەکانی مرۆڤ ڕوویان لە تاکە کە پێیان دەڵێ «کردەوەی ڕوو لە خۆ»[3]، هەندێکیشیان ڕوویان لە خەڵکە کە ناویان دەنێ «کردەوەی ڕوو لە ئەوانی تر». بە بۆچوونی میل ئەگەر هەموو  ئەندامەکانی کۆمەڵگەیەک لەسەر یەک باوەڕ یان کردەوەیەک کۆک بن بەڵام تاکێک باوەڕێک یان کردەوەیەکی جیاوازی هەبێت، مادام کە ئەو باوەڕ یان کردەوەیە «ڕوو لە خۆ» بێت ئەوە دەوڵەت، یاسا و زۆرینەی کۆمەڵگە مافی پێشێلکردنی مافی ئەو تاکەیان نییە لەبەر ئەوەی ئەو باوەڕ/کردەوەیە پەیوەندی بە کەسی تر جگە لەو کەسەوە نییە. بەو ئایدیایەوە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی بەسەردیمۆکراسیدا هات و دێموکراسییلیبراڵ لە دایک بوو کە تا ئەمڕۆش ڕەوتی سەرەکیی سیاسەتی دێموکراتی داکۆکی لەو جۆرە دێموکراسییە دەکات.

کاتێک باس لەمە دەکەین کە گەلۆ کردەوەیەک یان باوەڕێک دەبێ ئازاد بێت یان نا، لە ڕاستیدا، باس لەمە دەکەین کە ئایا ئەم باوەڕ/کردەوەیە ڕەوایە یان نا. ڕەوایەتی کردەوەیەک/باوەڕێک لەمەوە سەرچاوە دەگرێت کە بزانین پەیوەندی بە کێوە هەیە (تاک یان گرووپ) و لە پێویستییە سەرەکییەکانی کام تاک و کۆمەڵە. دیارە زۆر مرۆڤ بەپێی توانا و حەز دەتوانن زۆر کار بکەن بەڵام ئاخۆ هەموو ڕەفتار و باوەڕ و کردەوەیەک ڕەوایە بۆ مرۆڤ؟ کام کردەوە دەبێ وەک ماف و ئازادییەکی ڕەوا ببیندرێ و کامیان دەبێ ناڕەوا بناسرێت؟ لە پەیوەندی لەتەک گرووپە نەتەوەییە جیاوازەکانی ناو دەوڵەتێکدا هەمان ئەم پرسیارەی ستوارت میل دەبێ بەسەر نەتەوەکانیشدا بگشتێندرێت. لە دەوڵەتێکی فرەنەتەوەدا دەبێ ڕوون بکرێتەوە کە کام نەتەوە مافی بڕیاردانی لەسەر کام بابەتگەل هەیە. گرنگە بزانین لێکەوتەکانی بڕیارێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری کام نەتەوە دەگرێتەوە؟ لەم حاڵەتەدا دیسان هەمان پرسیار بەڵام ئەم جارە لە ئاستی نێوان گرووپە کولتوورییە جیاوازەکان دێتە ئاراوە. چ شتێک پەیوەندی بە چ گرووپێکی کولتوورییەوە هەیە؟ واتە زۆرینەی کام گرووپی کولتووری دەبێ بڕیار لەسەر ئەم مژارگەلە بدات کە مشتومڕیان لەسەرە؟ دەنگی زۆرینەی نەتەوەی کەمینە یان نەتەوەی زۆرینە؟ کاتێک دەسەڵات لە دەستی کۆمەڵگەی زۆرینەدایە، ئیتر کەمینەکان ناتوانن بۆ مژارەکانی پەیوەندیدار بە ژیانی نەتەوەی خۆیانەوە بگەنە دەنگی زۆرینە. بەم هۆکارە، پێویستە بە جێگەی دەنگی زۆرینەی هاووڵاتییانی ناو دەوڵەتێک پێوەرێکی تر بۆ ڕەوایەتی ماف و ئازادیی هاووڵاتیان ڕەچاو بکەین، ئەویش ڕەوابوون یان ڕەوانەبوونە. کە ئەم پێوەرەش خۆی دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە کێ بڕیارە لەسەر ڕەوایەتی ماف و ئازادییەک بڕیار بدات. ئەمەش دەمانباتەوە سەر باسی بەفەرمیناسین کە لە کۆتایی ئەم دەقەدا ئاماژەی پێ دەدەم.

هاووڵاتی بوون وپرسی ناسنامە

هاووڵاتیبوون پەیوەندیی سیاسیی تاکەکانە لەتەک سەروەریدا. ئەو جۆرە تێگەیشتنە لە هاووڵاتیبوون وەک تاک کە لایەنی پەیوەندیی تاک بە گرووپێکی کۆمەڵایەتی یان کولتووری، بەتایبەت لە جۆری کەمینەی نەتەوەییدا، لەبەرچاو ناگرێت و پەیوەندیی تاک و کۆمەڵ، جگە لە پەیوەندییەکی سیاسی بە دەوڵەتەوە بە خەسار بۆ ئایدیای هاووڵاتیبوون دەزانێ، ڕیشەی ئەم کەمایەسییەیە و دەگەڕێتەوە سەر بنەماکانی لیبراڵیزم کە دواتر بە تەواوی لە ڕێگەی دێموکراسیی لیبراڵەوە هاتووەتە ناو دێموکراسی. لە ڕاستیدا، تیۆری دێموکراسی هەمان لیبراڵیزمێکی بیرازکراوە. ڕەوا نییە کە هاووڵاتیبوون تەنیا لەسەر تاکگەرایی دابمەزرێت، بەڵکوو دەبێ لایەنی پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان بە ناسنامە کۆییەکانیانەوە ڕەچاو بکات. کە وابوو، هاووڵاتیبوون نابێ تەنیا باسی ماف و ئازادییەکانی تاکەکان بکات بەڵکوو دەبێ باس لە ناسنامەی تاکەکانیش بکات. لە مافەکانی هاووڵاتیشدا دەبێ ناسنامە وەک ماف و ئازادییەکی ڕەوا ڕەچاو بکەن. بە بۆچوونی کیملیکا، تاکەکانی سەر بە نەتەوەی کەمینە ئەندامی کولتوورێکی کۆمەڵایەتین[4] کە ئەو جۆرە کولتوور‌ە،‌ شێوازه‌ جۆراوجۆره‌کانی واتاداربوونی ژیان بۆ مرۆڤه‌کان له‌ نێوان گشت پانتایی چالاکییه‌کانی مرۆڤ دابین ده‌کات که‌ بریتین له‌، چالاکییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی، فێرکاری، ئایینی، ئابوورییه‌کان و ئه‌و چالاکییانه‌ی که‌ مرۆڤه‌کان بۆ خۆشی، کاتیان بۆ ته‌رخان ده‌که‌ن. ئه‌م چالاکییانه‌ هه‌موو پانتایی گشتی و خۆکه‌سی له‌خۆ ده‌گرن. ئه‌م جۆره‌ کو‌لتووره‌ له‌سه‌ر بنه‌مای زمانێکی هاوبه‌شه‌ (Kymlicka, 1995: 76) و پەیوەندییەکی دانەپچڕاو لە نێوان تاکەکان و کولتووری نەتەوەییاندا هەیە. وەک میلەر بۆمان باس دەکات، نەتەوە کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقییە (Miller, 1995). لە ڕوانگەی دەیڤید میلەرەوە بۆ ئەوەی بتوانین دادپەروەری لە ناو دەوڵەتێکدا بەکردەیی بکەین باشترین چوارچێوە دەوڵەتی نەتەوەییە. مەبەستی میلەر ئەوەیە کە بۆ دادپەروەری پێویستمان بە ئاستێک لە ناسنامەی هاوبەشی نەتەوەیی هەیە کە یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی بەدی بێنێت و متمانەی پێویست لە نێوان هاووڵاتییاندا هەبێت. بەبێ هەستکردن بەو ناسنامە هاوبەشە و بەبێ پێناسەی هاوبەش لە ناسنامەی نەتەوەیی ئەستەمە هاووڵاتییان بتوانن لەسەر پرسە گرنگەکانی پەیوەندیدار بە ژیانی سیاسییانەوە بگەنە کۆدەنگی. بۆیە ناسەقامگیری و لێکدان وپێکدانان و هەڵاواردن لە چوارچێوەی دەوڵەتە فرەنەتەوەکاندا وەک تایبەتەندییەک بوونی هەیە و دەشمێنێتەوە. لە دەوڵەتە فرەنەتەوەکاندا هاووڵاتییەکان هەموویان ئەندامی یەک نەتەوە نین. بۆیە دروستکردنی ناسنامەی هاوبەش بۆ هەموویان بە واتای ئاسیمیلاسیۆنو تواندنەوە و ستەمکارییە و لەناوبردنی کولتووری نەتەوە بێدەسەڵاتەکانە. بەپێی ئەزموونی مێژوویی دوو سەدەی ڕابردووش ئەستەمە دەوڵەتێک بتوانێ نەتەوەیەک لە ناو نەتەوەی سەردەستدا بتوێنێتەوە مەگەر ئەوەی کە هەموو ئەندامەکانی ژینۆساید بکات. کە وابوو، بۆ دامەزراندن و سەقامگیرکردنی دێموکراسی پێویستە نەتەوە بندەستەکان وەک نەتەوەیەکی جیاواز بەفەرمی بناسرێن. لە کۆتایی ئەم دەقەدا دەگەڕێمەوە سەر گرنگیی و پێویستیی ئەم مژارە.

پرسی کەمینە نەتەوەییەکان ئەوە نییە کە پەرە بە ئایدیای هاووڵاتیی مۆدێڕن لە کۆمەڵگەیەکی سیاسیدا بدرێ، بەڵکوو مەسەلە ئەمەیە کە زیاتر لە یەک کۆمەڵگەی سیاسی لە دەوڵەتێکدا هەن. بۆیە ئەگەر هاووڵاتیبوون کە بە واتای پەیوەندیی سیاسیی تاک لەتەک سەروەریدایە دەبێ پرسیار بکەین کە پەیوەندی لەتەک کام سەروەریدا؟ پەیوەندی لەتەک سەروەریی نەتەوەیی خۆیدا یان لەتەک سەروەریی نەتەوەیەکی تردا؟بەم جۆرە، پێویستیمان بە جۆرێکی تر لە پێناسەی هاووڵاتیبوون و سەروەری هەیە. هۆکار و ڕیشە تیۆرییەکانی ئەم پرسە جگە لە باسی پەیوەندیی دەوڵەت و هاووڵاتیبوون وەک تاک –کە ئاماژەم پێدا– دێموکراسیی نوێنەرایەتییە. دێموکراسییە نوێیەکان بە هۆی دوو لەمپەڕی ئەژماری هاووڵاتییان و کاتەوە، ناچار بوون بەرەو دێموکراسیی نوێنەرایەتیهەنگاو بنێن، کە دێموکراسییەکی ناڕاستەوخۆیە و لە ڕێگەی پەرلەمان و لەسەر بنەمای دەنگی زۆرینە دامەزراوە. بۆیە ناکرێ دەنگی ئەندامانی کۆمەڵگەی کەمینە ڕاستەوخۆ ڕەچاو بکرێ و لە پەرلەمانیشدا کەمینەکان کە باسی ناسنامە و بەرژەوەندیی خۆیان دەکەن دەنگیان لە لایەن زۆرینەوە کپ دەکرێت. لە سیستەمی دێموکراسیی پەرلەمانیشدا ڕێگای گەیشتن بە مافەکان لە پەرلەمانەوە و لە ڕێگەی دامەزراندنی حیزبی سیاسی –وەک ئامرازی سیاسەتکردن لە دونیای مۆدێڕندا– دەستەبەر دەکرێت. بەڵام کەمینەکان هیچکات بە هۆی ئەمەیکە دەنگیان کەمترە ناتوانن دەنگی زۆرینەی پەرلەمان مسۆگەر بکەن.[5] لەبەر هەندێ، هەر وەک پێشتر باس کرا، تیۆری سیاسەتی دێموکراتی دەبێ نەک تەنیا لە ئاست تاکەکانەوە، بەڵکوو لە هەمبەر پرسی گرووپێکی کولتووریشدا وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە کە،

چ شتێک پەیوەندی بە چ گرووپێکی کولتوورییەوە هەیە؟

بەفەرمی ناسین

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە کە چ شتێک پەیوەندی بە چ کەسێکەوە هەیە، لە ئاستی تاکەکاندا، تاک کراوەتە پێوەری ڕاستی و هەڵەی حەقیقەت. لە ئاستی کۆمەڵگەکان و نەتەوەکاندا پێویستە هەر نەتەوەیەک خۆی پێوەری حەقیقەت بێت بۆ خۆی. لە تیۆری سیاسی و کۆمەڵایەتیی هاوچەرخدا، بەفەرمیناسین وەک سیاسەتی ناسنامە[6] و سیاسەتی فرەکولتوورباوەڕییش دەناسرێت. ناسراوترین تیۆری لەمبارەوە، وتاری بەناوبانگی چارلێز تەیلۆر (1992)ە بە ناوی سیاسەتی بەفەرمیناسین[7]، کە تیایدا داکۆکی لەمە دەکات کە ناسنامە و بەفەرمیناسین لە پەیوەندی لەتەک یەکتردان.

پرسی ناسنامەی نەتەوەیی لە ڕێگەی دەنگدان و پەرلەمانەوە چارەسەر ناکرێت، لەبەر ئەمەی لە دێموکراسیدا کەمینەبوون ڕێگرە. بۆیە سیاسەتی دێموکراتی نەیتوانیوە لە ڕێگەی پەرلەمانەوە چارەسەری ئەم پرسە بکات. ئەمە بووەتە هۆکار کە هەندێ فەیلەسووفی سیاسی بگەنە ئەم ئایدیایە کە کەمینە نەتەوەییەکان بەفەرمی بناسرێن و مافە نەتەوەییەکانیان وەک مافگەلێ ڕەوا و زاتی دانیان پێدابنرێت. نموونەی ئەم ڕێگاچارەسەرە لە هەندێک دەوڵەتی فرەنەتەوەدا (بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازییەک کە لە ئاستی بەفەرمیناسینیاندا هەبووە) هەر بەم جۆرە بووە. وەکوو، کێبێکەکان لە کەنەدا، سکۆتڵەندییەکان لە بریتانیا، کاتالۆنەکان لە سپانیا و هتد. وێدەچێ هەتا ئەمڕۆ فیدراسیۆنی کەنەدا و کۆنفیدراسیۆنی سویسڕا لەم نێوانەدا نموونەیلێ شاز و سەرکەوتوو بن.کێشەی سەرەکی لێرەوە دەست پێ دەکات کە کەمینە نەتەوەییەکان لە ناو دەوڵەتە فرەنەتەوەکاندا لە لایەن دەوڵەت و کۆمەڵگەی زۆرینەوە وەکوو ئەتنیک پێناسە دەکردرێن، لە بەرامبەردا، کۆمەڵگەی کەمینە خۆی وەک نەتەوە دەناسێنێت. ئەم مژارە لە زۆر شوێن بووەتە هۆی ناکۆکی لە نێوان کۆمەڵگەی سیاسیی کەمینە و زۆرینەدا، میناک لە کەنەدا ئەم کێشەیە بەرچاو بوو.

وەک کۆبەندییەک لە باسەکە بۆ چارەسەرکردنی پرسی ناسنامە لە سیستەمێکی دێموکراتیدا دەبێ جەخت لەسەر بەفەرمیناسین بکرێتەوە. بەفەرمیناسین زۆر ڕەهەند و ئاستی جیاواز لەخۆ دەگرێت و لێکەوتەکانیشی بەپێی ئاستی بەفەرمیناسینەکە جیاوازن. لە ڕووی لێکەوتە و دەرەنجامە سیاسییەکانیشەوە فۆرمگەلێ جیاوازی سیاسی بە خۆی دەگرێت. وەلێ سەرترین ئاستی بەفەرمیناسینی نەتەوەیەک دانپێدانانە بەوەی کە هەر نەتەوەیەک پێویستە خاوەنی سەروەریی سیاسی خۆی بێت. بە واتایەکی تر هەر نەتەوەیەک دەبێ دەوڵەتی خۆی دابمەزرێنێت و خۆی لە سەر هەموو مژارەکانی پەیوەندیدار بە ژیانی سیاسی نەتەوەکەی بڕیار بدات.

ئەم یادداشتە لە گۆڤاری خوێندکاری ژوان لە زانکۆی کوردستان (لە سنە)، ژمارەی ٢٩، زستانی ٢٠١٩ بڵاو کراوەتەوە.


[1]Sovereignty

[2]On Liberty

[3]Self-regarding Conduct

[4]Societal Culture

 

[6]Identity Politics

[7]The Politics of Recognition

Website | + posts