پرۆگرامی نامرۆڤسازی لەدژی کورد

مانی رەحیمی

#نامرۆڤسازی (#Dehumanization) پاژۆیەک لە سیاسەتی ئێرانیزاسیۆنی (#Iranification) دەسەڵاتدارەتی فارسی #کۆڵۆنیالیسمی_سارۆگەیت (نیابەتی) كه وەک دارووغە و کوێخای کۆڵۆنیالیسمی جیهانی کە هێز بەسەر جیهانی کۆیلەکاندا ده‌ئاژووێ، لە دژی نەتەوەی کورد وەک یەکێک لە نەتەوە کۆڵۆنیکراوەکان.

واتا ئەم پاژۆیە ڕاستە بۆ ڕەزیلکردن و شکاندنی کەسێتی و #نۆکەرسازی و #کۆڵبەرسازی تاکی کوردە، بەڵام ئەوە بە شێوەکی تەواو سیستماتیک و کارامە بۆ پێکانی ئامانجێکی دیاریکراو واتا ناهێزمەندسازی کوردان بەڕێوە دەچێت.

قووڵبوونەوە لەم پاژۆیەدا یەکجار گرینگە تاکو بتوانین ستراتێژیی دژکاری ئەم پاژۆیە ئەندازیاری بکەین و بێکەماسی بیئاژۆین. نامرۆڤسازی تەنیا به شکاندنی کەسێتیی مرۆڤیی تاکی کورد ناوەستێتەوە بەڵکو مرۆڤی کورد بەئاژەڵ دەکات تاکو #ئەندێشەی_کوردی و هەستی سەروەربوونی لێ بستێتەوە، و هەستی کوردبوون و گرێی خۆگچکەبینی (Inferiority Complex) وەها ئاویتەی یه‌كتر بکرێن کە هەموو کوردیک لەهەمبەر فارس و هەموو نەتەوەکانی دیکەی دونیا خۆی بە هیچ و گچکە و بەردەرگایی و خزمەتکار بزانێت.

دەرەنجامی وەها هەستێک دەبێتە هۆی سەروەربینیی بێگانە و مافخوازیی ملکەچانە بۆ مافە گەردوونییەکانی خۆی کە لە ڕاستیدا هەر لە لای خۆیەتی. جا، مەرجی دوژمن بۆ گوێگرتن لە داخوازییەکانی ئه‌و، نکۆڵی کردن لە خۆی و شوناس و هەموو ئەو شتانەیە کە خاوەنییەتی؛ وەک خاک و سامانە نەتەوەییەکانی.

ئەوە یەکێک لەو شێوازانەیە کە داگیرکەر، شوناسی کوردستانی لە ناخی کورددا پێ دەسڕێتەوە، و هێز و شیان و توانای خاوەنداریەتی لە خاکی خۆی تێدا تەفر و تونا دەکات. پرۆژەی ئیرانیزاسیۆن تەنیا بەئیرانیکردنی کورد نییە، بەڵکو گەڵاڵەیەکە دژی کوردستان وەکو #خاک. بەم واتایە ترازندنی خاک لە دەستی کورد و خۆبەخاوەنکردنی ئەم خاکە وەک گەنجینەیەکی مەزن، واتا #نیومانگی_بەپیت (Fertile_Crescent#) واتا ئەو جێگایە کە #هیلالی_شیعی تێدا وێنا دەکەن. ئەو نیومانگەی کە هەناوی کوردستانی مەزنە کە سەردەمانێکی پێش کۆلۆنیالیسم، جۆگرافیایەکی مەزنتر لە چوار دەوڵەتی داگیرکەری خۆی دادەپۆشی. کۆڵۆنیالیسمی جیهانی لە کۆتایی سەدەی هەژدە بە #قاتوقڕی (#Famine) و #بێخەڵکسازی (#Depapulization, چوڵکردن لە مرۆڤ) و #دەوڵەتسازی بۆ فارس و ترک و عەرەب به‌ ڕامالینی کورد لەسەر خاکی خۆی دەستی پیکرد و بە فازگەلێکی جۆراوجۆرا تێپەری و ئێستا لە فازی هەنووکەییەدا پاژۆ و پرۆگرام و پرۆژەی فرە جۆراوجۆر بە بن هەنگوێماندا به‌ڕێ ده‌كه‌ن كه #جەلال_مەلەکشا گوتەنی «جنۆکە کۆرپەمان دەزێ و پێنازانین».

نامرۆڤسازی پاژۆیەکە لە #قڕکاری (Extermination#) وەک پەتێک لە ستێریۆتایپی ئێرانیزاسیۆن کە هەوڵ بۆ #ئاژەلسازی مرۆڤی کورد دەدات کە جێگای چوارپێی بارکێش پڕ بکاتەوە کە بار هەڵگری بۆ حاجی بازاڕییەکانی تاران و تەوریز دەکەن. دیارە نەک ئاژەڵی خاوەن ڕێز و خاوەن مافی ژیان، بەڵکو ئاژەڵێک کە دەکرێ ڕێز و شکۆی بشکێنرێ و هەرکات کە بخوازن ژیانی لێ بستێننەوە؛ بە کورتی بەکاری دەکێشن، خاوەنی دەبن، برسی دەکەن، پێی ڕادەبوێرن و … کە باس لە نامرۆڤسازی کورد دەکرێ، تەنیا باس ئەوە نییە کە وەک مرۆڤ نامانبینن، به‌ڵكو لێرە ناوەستێتەوە.

نامرۆڤسازی پارامێترگەلی وەک #ئۆبژەسازی (#Objectification#ناپەسەندسازی (Delegitimization#)، #بێنرخسازی (Degradation#)، #بێڕیشەسازی (Eradication#)، ئاژەڵسازی، #خێوسازی (Demonization#)، #ماڵیسازی (Domestication#) و … تێدا کۆ دەبنەوە و دەیکەن بە پارادایمێک لە رژیمی سایکۆلۆژیکی #تەسلیمگەرایی (Submissionism#). ڕەگ و ڕیشەی نامرۆڤسازی هێشتا زۆر قووڵترن لەمە و پێویست بە خوێندەوەیەکی قوولتر دەکا بۆ ئاشنا بوونی پتر لەگەل ئەم گەلاڵەی دوژمنانی کوردستان.

جێی ئاماژه‌یه‌ كه گرینگە هەموومان بزانین گرفتی ئێمە شتێک نییە بەناوی «#پرسی_کورد»، بەلکو گرفتی ئێمە پرسی کوردستانە، واتا خاک. بۆ ئەوە خاک لە دەستی کورد وەکو دوایین پاشماوەکانی ناخیی ئازادی مرۆیی لەسەر ئەم گۆی زەوییە بترازێنێت. ئەوان باش دەزانن نە کورد بەبی کوردستان مرۆڤی ئازادە و نە کوردستان بەبێ کورد دایکێکی ئافریدگارە. کورد بەبێ کوردستان کۆیلەیەکی داماو و خۆفرۆش، کوردستان بەبێ کورد کەلاکێکە کە هەر کوتەی بەدەم کەمتیاریکەوە دەزریکێنێت.

کۆڵبەرسازی کوردان دەبێ وەک دیاردەیەک پاتۆلۆژی بۆ بکرێ کە بانترە لە وەڵامی کۆمەڵگای کوردستان بە شێوازی پیشەیەکی شکۆدارانە بۆ دەرباز بوون لە ئارێشەی بێکاری و پرسی نان. ڕاستە لە کوردستان لە سەردەمی پێش پەیدابوونی کەرەسەی گواستنەوەی مۆدێرن هەردەم کاروان و کاروانچیی بوونیان هەبووە و ژیان لە کۆمەڵگای کوردستان بەستە بە کاروانكردن بووە کە ئاژەڵی چوارپێ یەکێک لە کەرەسەکانی كاروان بوون. ئەوە ئەو ڕاستییەش کاڵ ناکاتەوە کە مرۆڤ بە درێژایی مێژوو بە پشت و بە کۆڵ كه‌لوپه‌ل و پیداویستییەکانی ژیانی خۆی و کەسانی دیکەشی گواستۆتەوە. دیارە لەو کۆمەڵگایەنە کە کۆیلەداری باو بووە، ئەو مرۆڤانەی کە بە کۆیلە گیراون، دوای نامرۆڤسازییان وەک ئاژەڵ باریان لێناون و وەک کەرەسەی گواستنەوە یان کارکردن بەکار هێنراون. نامرۆڤسازی کورد لە ڕێگای کۆڵبەرییەوە لەو نامرۆڤسازییەی کە لە دژی مرۆڤی کۆیلە دەکرێ، نزمترە. کۆیلە لە بەراورد بە کۆلبەر خاوەنی هەیە و نرخێکی دیاریکراوی هەیە کە دەکرێ بازرگانی پێوە بکرێ و له‌ هه‌مان كاتدا خاوەنەکەی بەرپرسیارتی نان و خەوی كۆیله‌كه‌ هەڵدەگرێت.

کۆڵبەر تەنانەت ئەوانەشی پێ ڕەوا نابینرێت. بۆیە کۆڵبەر ناپەسەند دەکرێ بەناوی قاچاخچی، بێنرخ دەکرێ وەک بوونەوەرێکی کە هەبوونی زیادەیە، بێڕیشە دەکرێ کە نەتوانێ هەست بە بەستەبوون بە قوڵایی کۆمەڵگای خۆی بکات، خێوسازی دەکرێ کە هەمووان (لە ناو بەرەی دوژمن) بە مەرگی کۆڵبەر شاد بن، و ماڵیی دەکرێت بەرامبەر بە کۆلبەریی تا جێگەیەک کە خوو دەگرێ بە پاڕانەوە کە باری لێ بنێن. کەسێتی مرۆڤی کورد بەم شێوەیە وێران دەکرێت و

ئارتەشێکی سەدان هەزاریی کوردستانی له‌ کۆڵبەر بۆ بازارەکانی تاران و تەورێز ساز کردووە کە هەم پەرە بە پرۆسەی ئاژەڵسازی کورد دەدەن و هەم کورد لە هێزی خۆی دادەماڵن. هاوکات سەدان و هەزاران کەس بە ناوی «چالاکوانی مەدەنی» لە ئەرکی ڕاستەقینەی شۆڕشیی ڕزگاری دادەبڕن و دەیانکەن بە کۆکەرەوەی خێر و سەدەقە و بەزەیی و فرمێسک و گریان بۆ کۆلبەران. (کە خۆشم نائاگا پێشتر پێم ناوەتە ئەم تەڵەوە)کۆڵبەری لە کوردستان پێویستە بە شێوازێکی نوێ خوێندنەوە و پاتۆلۆژی بۆ بکرێ و وەک لەتێک لە پرۆژەی قڕکاری کوردستان تێگەیشتنی فراوانی کۆمەڵایەتی بۆ بکرێت و وەک دیاردەیەکی دژەڕەوشت پێناسە بکرێت. کۆڵبەری نەک هەر دەبێ شەرمەزار، بەڵکو دەبێ وەکو بەشداری لە پرۆژەی قڕکردنی کورد بە خیانەتی نەتەوەیی پیناسە بکرێت.

تێبینی:

هێندێک لەو چەمکانەی کە من لێرەدا بەکاریان دێنم لە «زانستە مرۆییە کۆمەلایەتییەکان» وەک زرەناو (#Pseudonym) هەن و واتای جیاواز دەبەخشن و بە شێوەیەکی دیکە پێناسە کراون کە پەسەندی من نیین. بۆیە وەک بەشێک لە رەوتی چەمکسازیی لەژێر پێناسە و واتای جیاواز، بەڵام راستەقینەی خۆی بەکام هیناون کە هیوادارم خوێنەران بە تێگەیشتنەوە لێی بڕوانن.

Website | + posts