بە زمانی داگیرکەر قسە مەکەن


وەرگێڕ: ئینانا
نگوگی وا تیۆنگۆ (Ngugi waThiong’o)، مامۆستای وێژمانی رێژەیی-بەراوەردی ئەدەبیاتی ئینگلیسی-ئەفریقی لە زانکۆی کەڵیفۆرنیا-ئێرڤاین، لە وتووێژێکیدا ئەیژێ: کارێکی سادە وەک “قسەکردن بە زمانی دایکی” کردەوەیەکی شۆرشگێرانەی دژەکلۆنیاڵیسمە (دژەداگیرکەر).

لە ساڵگەلی ١٩٧٠، تیۆنگۆ ئەینووسی: “هیچ کات بە زمانی چەوسێنەرەکەت مەنووسە” و هەندێ نووسین و شانۆنامەی لەسەر ئەم بابەتە بڵاو کردوە. لەسەر ئەم باسە، دەوڵەتی کێنیا ئەم نووسەرەی لە ژێر ناوی “مەترسیداری بۆ ئاسایشی نەتەوەیی” پێناسە کرد. تیۆنگۆ لە سەری ساڵی ١٩٧٧ زایینی دەسبەسەر کرا و خراوە بەندیخانەی نایروبی.
تیۆنگۆ وەکو خەباتێک و بەرخوەدانێک دەستی کرد بە نووسینی رۆمانێک بە زمانی دایکی خۆی (Gikuyu) کە لە سەر دەستماڵی ئاودەسی گرتووخانە ئەینووسی! ئەمە بوو بە یەکەمین رۆمان بە زمانی گیکوویوو. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە زۆربەی بە ڕەواڵەت رووناکبیری کێنیا لە ژێر ناوی زمانزانی، زمانناسی و زۆر شتی تر ئەیاننووسی کە ئەم زمانەی گیکوویووە، توانایی بەرهەمهێنانی نووسینی نیە، هەمووکەس ئەتوانن لە ماڵی خۆیان قسەی پێ بکەن، و زۆر شتی تر … (ئاشنا نیە؟). بەڵام ئەم نووسەرە دەستی لە نووسین نەکێشا و زمانی گیکوویوویی وەکو بەشێک لە شوناسی ئەفریقی خۆی پێناسە کرد.
دواجار ئەم ڕۆمانە بوو بە یەکێک لە پێوەرەکانی نووسینی مۆدێرنی ئەفریقی. ئەم ڕۆمانە لە پۆلی کلاسیکی مۆدێرن (Modern Classic) پۆلێنبەندی ئەبێ و دواجار بە ناوی “شەیتانی لە خاچ دراو” کراوە ئینگلیسی کە لە کتێبفرۆشیەکان هەیە بۆ خوێندن. (وێنە)
بەناوبانگی تیۆنگۆ زۆرتر لە بەر ئەوەیە کە هەڵگری بیرۆکەیەکە کە ئەیژێ نووسەرە ئەفریقیەکان ئەبێ بە زمانی دایکی (خۆماڵیی-native) خۆیان بنووسن نەک زمانی داگیرکەر (کە لە ئەفریقا زمانی ئینگلیسی یان فەڕانسەیە وە ئەڵبەت لە شوێنگەلێکتر، زمانیگەلێکترە). ئەم وتووێژە لە سەر باسی “دژەئێستێعماری” کە لە مارچی ساڵی ٢٠٢١ تۆمارکراوە، ئەتوانن لێرە بیبیسن کە ئەیژێ:
“باشترین شێوە بۆ ڕاماڵینی داگیرکەر لە ئەفریقا، گەڕانەوە و پێداگری لە سەر زمانە ئەفریقیەکانە.” (لینک)

وەرگێڕانی بەشێکی کورت لە وتووێژەکە:
ستیڤ پاوڵسۆن: بۆ زمانی دایکیت (Gikuyu) لە سەر دەوڵەتی کێنیا هەڕەشەیە؟
تیۆنگۆ: ئەم پرسیارە دوای ئەوەی کە گیرام گشت کاتێک لە بەندیخانە لە مێشکمدا بوو. کێشەی زمان چیە؟ با لێی بکۆڵمەوە. هەر داگیرکەرێک کاتێک خاکت داگیر ئەکات، یەکەمین کاری سەپاندنی زمانی خۆیە کە لێرە زمان واتە دەسەڵات. داگیرکەر، لە زمانی داگیرکراو شەیتانسازی ئەکات و لە زمانی داگیرکەر شکۆمەندسازی. کەواتا زمانی داگیرکەر وەک زمانی زانست، ژیری، رووناکبیری پێناسە ئەکات و زمانی داگیرکراو وەک زمانی دواکەوتوویی، نازانستی، ناڕووناکبیرانە و دەشتەکی کە بەس تەنیا بۆ قسە کردنی ناوماڵ باشە، پێناسە ئەکات. لەم کارە وا ئەو ئەیکات، زمانی داگیرکراو بە زمانێکی نامێژوویی و کارپێنەکراو پێناسە ئەکات کە باش نیە بۆ زانست، خۆڵقاندن و خەیاڵ، هۆنەر، سیاسەت، نووسین، و کارگەلێکی سەردەمی و ڕۆشنبیرانی (Intellectual). کەواتا ئەو بە تەواوی هێزیەوە، لەسەر ئەم شەیتانسازیە کار ئەکات و زمانی خۆی وەکو زمانی ژیری و زانست بەرز ئەکاتەوە. من وای ئەبینم.
ستیڤ: ئەزانین کە بریتانیا لە مێژە دەرکراوە لە کێنیا، پرسیار ئەوەیە کە بۆ هێشتا لە سەر سەروەری زمانی ئینگیسی لە کێنیا پێداگری ئەکات؟
تیۆنگۆ: لەبەرئەوەی کە ناتەبایی سیستێمی داگیرکەر (کڵۆنیاڵیست) لە ژێر ڕەکیفی زمانی داگیرکەر ئیتر بە ئاسانی نابیندرێ. کە واتە ئەگەر مێشکت بە دەستی زمانی ئەو داگیرکرابێ، ئیتر ئەو بە داگیرکەر نابینی. بەڵام، ئەگەر ئەو وەکو کەسێکی بیانی بە زمانێکی بیانی لەسەر تۆ حۆکم بکات، تۆ هەست بەو جیاوازیە ئەکەی، کاتی کە زمانەکەیت دەروونی کردەوە (Internalizing) ئەو هەستەت نیە ئیتر.
ستیڤ: سەختترین بەشی گرتن و زیندانت چ بوو؟
تیۆنگۆ: من مامۆستای زانکۆ بووم، ئەمنووسی، هەمووکات دەوروبەرم پڕ بوو لە کتێب و فێرخواز، لە پڕا من لە ناو ژورێک بووم کە کتێبی نەبوو، رادیۆ نەبوو، قەڵەمم نەبوو، کاغەزم نەبوو… کە واتە هیچم نەبوو ئیتر. دەی چۆن زیندوو مام؟ بڕیارم دا کە ڕۆمانێ بە زمانی دایکی خۆم بنووسم!
ستیڤ: تێ ناگەم، کە کاغەز و پینووست نەبوو چۆن نووسیت؟
تیۆنگۆ: ئەوان لە منیان ئەخواست کە ئێعتراف بکەم بە تاوانگەلێ کە نەمکردبوو کە بتوانن تاوانی زمانی دایکیم بشارنەوە. منیش خواستم لێیان کە قەلەمم پێ بدەن و کاغەز. دوو سێ بەرگ کاغەزیان دا بەڵام گرینگترین شت پێنووسەکە بوو. لەبەر ئەوەی کە بۆ ئازار دایینی ئێمە، کاغەزی خۆپاککردنەوەی ئاودەس زۆر زبر بوو وە هەر
وەک کاغەز بوو. منیش دەستم کرد بە نووسنین لە سەر کاغەزی ئاودەس.
ستیڤ: دەی چۆن هێناتە دەر؟
تیۆنگۆ: دواجار ئەو کەسگەلە وا بەرپرس بوون گۆڕیان و کاتێ دیان من کاغەزی خۆپاککردنەوەیکی زۆرم کۆ کردەوە بۆیان گرینگ نەبوو. وە وەکوو شێت ئەمیان بینی!!
ستیڤ: وە تۆ ئەوەت کردە بنەڕەتی کارێکی گرینگ، وایە؟
تیۆنگۆ: وایە. دواجار ئەوە بوو بە بەشێکی گەورە لە پێناسە کردنی چەوسێنەر و داگیرکەر. با باشتر بێژم؛ من زمان وەکو ناوەڕۆک، پێوەر و گرینگترین بەشی داگیرکراوی ئەبینم. لە ئەفریقا، ئۆستراڵیا، ئەمریکا، نیوززیڵەند، ئایرڵەند….سەرەنج بدە، زمانی داگیرکراویان “شەیتانسازی” کردووە و زمانی داگیرکەریان زمانیی سەردەمی و ڕوناکبیری نیشان داوە. منداڵەکانیان لەبەر فێربوونی زمانی دایکی خۆیان سزا دراون، لە بەندکراون. لە كلۆنیەکانی ژێردەستی بریتانیای ئەو سەردەمە، تەنانەت کویلەگەلێک وا بە زمانی ئەفریقی قسەیان کردوە لە پابڵیک، بە دەستی داگیرکەر کوژراون. ئەمە گرینیگیی پرسی-زمانی-دایکی لە ڕوانگەی داگیرکەرەوە نیشانی ئێمە ئەدات. هەر ئەم باسە لە سەر زمانی Maori لە ئۆستۆراڵیاش ئەبینین. پەتێرنێکی دووپات کراوە! وا نییە؟
ستیڤ: بەڕوونی فرە شتگەل گۆڕاون، بەبەراوەرد لەگەڵ ئەو سەردەمەی وا لە زیندان بووی. بۆ نموونە ژنگەلێک ئەفریقی ئەبینین کە ڕۆمانگەلێکی بەناوبانگ ئەنووسن، کە زۆربەیان ئینگلیسین. ئەمە وەکوو کێشە ئەبینی؟ ئایا ئازادکردنی مێشک لە داگیرکەر، واتەیەکی تری هەیە ئیستە؟
تیۆنگۆ: نە، نە!! هێشتا ئەمە کێشەیە. دروس ئەیژی، نووسینگەلێک کە لە ئەفریقا دێتە دەر، سەرەنجڕاکێشن. ئەوانە ڕۆمانگەڵێک لەڕادەبەدەر جوانن. بەڵام کێشە هیشتا هەیە، کێشەیان ئەوەیە کە هەروەک ئەو سەردەمی داگیرکراوی، بە زمانی داگیرکەرەکەیان (ئینگلیسی/فەرانسە) ئەنووسن.
ستیڤ: کە واتا تۆ دژ بە زمانی ئینگلیسی نیت بەڵام دژ بەوەی کە ئینگلیسی زمانی سەردەست و تەنیا زمانی سەرەکی بێ.
تیۆنگۆ: خۆشحاڵم کە ئەم پرسیارەتە هاوردە ئاراوە بۆ پرسین. زۆر کەس پێیان وایە کە من دژی زمانی ئینگلیسیم، لە کاتێکدا من مامۆستای زمانی ئینگلیسی لە زانکۆی کەڵیفۆرنیا ئێرڤاینم (پێکەنین). من دژ بە زمانی ئینگلیسی نییم، من دژ بە سەردەستی زمانی ئینگلیسیم لە وڵاتەکەم.
ستیڤ: هەڵگەرینەوە بە وتەی “ئازادکردنی هزر لە داگیرکەر”. هێشتا وا بیر ئەکەنەوە کە پرسی زمان، پرسێکی سەرەکیە؟ یان شتگەلێک تریش گرینگن؟
تیۆنگۆ: هەموو شتێک پێوەندی هەیە بە زمان. لە کێنیا ئەگەر ئینگلیسی بزانی، ئاسانتر کارت دەس ئەکەوێ، هەر لە پۆلی سەرەتایی تا زانکۆ بە ئینگلیسیە. ئەندامانی پارلەمان بە ئینگلیسی قسە ئەکەن، قانون و یاسا بە ئینگلیسیە…. کە واتا سەروەریەکی هەیە لە کێنیا. بۆ من، گەڕانەوە بۆ زمانی ئەفریقی خۆم واتا ژیانەوەی رۆحی ئەفریقا!
ستیڤ: دوواهەمین پرسیار؛ لە مێژە لە ئەمریکا ئەژیت، ئایا ئەگەریتەوە بۆ کێنیا؟
تیۆنگۆ: بە دڵنیایەوە. بیری ئەو شوێنگەلە ئەکەم کە لە ژیانی ڕۆژانە بە گیکوویوو قسە ئەکەن. سێ ساڵ لەمەوبەر، بە داخوازی Uhuru Kenyatta گەڕامەوە بۆ سەردان و زۆر ڕیزیان لێ گرتم. باوکی ئەو منی خستە بەندیخانە و ئیستە کوڕەکەی تێتە بەرەوپیری من و بنەماڵەم لە “کۆشکی دەوڵەت”. کە واتە من خۆشحاڵم بەم گۆڕانکارییە، بەڵام من واز ناهێنم لە پرسی زمان!
—————
ن-گوگی وا تیۆنگۆ خاوەنی چەندین ڕۆمانی بەناوبانگە لە زمانی ئەفریقی و بەربژێری (Candidate) خەڵاتی نۆبێلی نووسینە. هەندێ لە کتێبەکانی ئەمانەن: Petals of Blood ، Wizard of the Crow، The Perfect Nine کە زۆرتر لە سەر مێژووی گەلی گیکوویوو نوسراون.

Website | + posts