ژن، ژیان، ئازادی: بەرەنگاربوونەوەی باری باو

ئازادی حاجی ئاقایی

سێ میتافۆر لە جەستەی سیاسی

ئۆزبەک شازادەیێکی فارسە و لەگەڵ هاوڕێکەی ڕیکا لە ساڵی ١٧١١ وڵاتی پێرسیا بەرەو فەڕەنسا، بەجێدێڵێت. لە ماوەی مانەوەی ٩ نۆ ساڵەی ئۆزبەک لە فەڕەنسا، هاوسەرەکانی لە ناو حەرەمسەراکەیدا ڕۆژ لە ڕۆژ زیاتر یاخیتر دەبن. سەرەڕای ئەوەی ئۆزبەک کەسێکی ڕووناکبیرە، بەڵام دوای بینینی ئەم یاخیبوونە ڕێگا دەدا سەرۆکی حەرەمسەراکەی، ژنەکانی سەرکوت بکات، ئەمەش وەک دەرەنجامێک دەرفەت بۆ ئاشتبوونەوەی نێوانیان لەناودەبات. سەرەڕای نامەی ڕۆکسانا خۆشەویستترین هاوسەری ئۆزبەک، کە تێدا، باس لە دروستبوونی دۆخێکی پڕ لە ترس و تاریکی و تۆقێنەر لەلایەن سەرۆکی حەرەمسەراکەی بۆ تەواوی ژنەکان دەکات، لەم نامەیەدا دەردەکەوێت؛ ئەگەرچی ئۆزبەک وای بیردەکردەوە کە پەیوەندیێکی مۆدێڕن و ئەڤیندارانەی لەگەڵ ڕۆکسانا هەیە، بەڵام خۆی فریوداوە و ڕۆکسانای خستۆتە ناو جۆرێک لە دیلی و سەرکوتەوە. ئۆزبەک لەم نامەیەدا تەنانەت تێدەگا ڕۆکسانا خۆشەویستێکی دیکەی بۆ خۆی هەڵبژاردووە.

لە نامەکەیدا ڕۆکسانا بە توڕەییەوە هەستە درۆیینەکان و ئازادی ساختەی تەواوی ژنان و پیاوان دەخاتە ڕوو کە لە ژێر دەسەڵاتی ڕەها دان و بۆ ئۆزبەک دەنوسێت “ڕاستە من تۆم فریودا، من کڵاوم نایە سەر سەری سەرۆکی حەرەمسەراکەت، و توانیم ژوورە پڕ لە ترسەکانی تۆ بکەم بە شوێنێک بۆ چێژە خۆشەکان… بەڵام چۆن دەتوانی ئاوا بیر بکەیتەوە ئەوەندە بە گەمژەم بزانی کە لەم جیهانەدا، من کەسێکم تەنیا بۆ حەز و ئارەزوو و چێژەکانی تۆ؟ ئەویش لە کاتێکدا ڕێگای هەموو شتێکت بە خۆت دا. ڕێگات بە خۆت دا، نکۆڵی لە تەواوی ویستەکانی من بکەی. بەڵام نا، ڕەنگە لە کۆیلەییدا ژیابم؛ بەڵام هەمیشە ئازاد بووم، من یاساکانی ئێوەم بە پێی یاساکانی سروشت سەرڕاست کردۆتەوە، بەردەوام خاوەن سەربەخۆیی تێڕامان و بیرکردنەوە بووم.“

لە کۆتاییدا ڕۆکسانا بە کوشتنی خۆی لە دژی دەسەڵاتی ئۆزبەک ڕادەپەڕێت. تەنیا دوای ئەم ڕووداوە تراژیکەیە ئۆزبەک لە واتای ئەڤین تێدەگا؛ چونکە تا ئەو کاتە وای زانیبوو خۆبەدەستەوەدانی ژن بە واتای ڕەوشتبەرزی و وەفا بە واتای حەیا و حەز و ئارەزووی ژنیش بە واتای بەرەنگار بوونەوەیە. ئۆزبەک لەوە تێنەگەیشتبوو بۆ هاوبەشبوون لە ئەڤین، پێویستە بە هەمان شێوە خۆشەویستی لایەنی بەرامبەر وەڵام بدرێتەوە.

مۆنتێسکیۆ لە (نامەکانی پێرسیا) دا و بە تایبەت لە (نامەی ١٦١) -دا، وەک میتافۆرێک بۆ ڕەخنەگرتن لە کۆمەڵگای فەڕەنسا، زۆر لایەنی سیاسی و کۆمەڵناسی دەخاتە ژێر تیشکی ڕەخنەکانی خۆی، بەڵام نامە ئاماژە پێکراوەکەی سەرەوە جیا لە وانەی ئەخلاقی سەبارەت بە ئازادی یان سەرکوتی ژنان پرسێکی سەرەکیشی لە ناخی خۆیدا حەشار داوە کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ پرسی ئازادی و ژیان هەیە؛ ئاگاداربوونەوەی ژنان لە جێگە و پێگەی خۆیان کە ئەتوانێ هەر چەشنە دەسەڵاتێکی ڕەها و بە پیرۆزکراو بەرەو هەڵوەشانەوە ببات. بەڵام تێگەیشتن لەم دۆخە و ئەو ڕەوتەی بە سەر تێگەیشتنی ژنان لە مەڕ جێگەوپێگەی خۆیان هاتۆتە دی، یەکسەر پەیوندی بە دەسەڵاتی سیاسی و دەرکەوتەکانی نواندنەوەی هێز لە سیمای جەستە پیرۆزەکانی وەک شا و باوک یان خوا لە تیۆلۆژیای سەدەکانی ناوەڕاستدا لە ناو ئایینە ئیبراهیمییەکاندا هەیە؛ کە چۆن ژن توانی ئەم ئیماژە زاڵە تووشی تەنگەژە بکا یان لە هەندێک حاڵەتدا لە سیمای دروشمێکی سیاسی وەک ژن، ژیان، ئازادی دەسەڵاتە سیاسییەکان تووشی قەیران بکات.

ژن لە ناو جەستەی سیاسی دەسەڵاتی ڕەها

(لوییزی پازدە) شای فەڕەنسا پێیوابوو؛ “ماف و بەرژەوەندییەکانی نەتەوە کە هەندێک دەیانویست لە جەستەی شا جودابکەنەوە، تەنیا لە ژێر دەستی ئەودایە و لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خۆی هاوتەریب و یەکە“ هەروەها لویی شانزەش لە سەر ئەم بڕوایە بوو؛ “لە فەڕەنسا نەتەوە جەستەیێکی جیا نەکراوەیە و بە تەواوی لە ناو کەسایەتی و جەستەی شادا ڕەنگ ئەداتەوە…“ جەستەی سیاسی میتافۆری سەرەکی ناو دیسکۆرسی سیاسی دەسەڵاتە ڕەهاکانە. ئەگەر چی ئەم میتافۆرە دەگەڕێتەوە سەر هزری یۆنانی و هەرچەند ڕێی تێدەچێت ئەم شێوازە بیرکردنەوەیە لە ناو فەلسەفەی سیاسیدا لە ڕێگای لێکدانەوەی( کالسیدیوس) لە سەر (تیمائوس) ی (ئەفلاتوون)ەوە هاتبێت، بەڵام ئەم مۆدێلە لەلایەن (جۆن سالیزبووریی)ەوە بۆ یەکەمجار وەک تێگەیێکی سیاسی لە ناو ململانێکانی کڵێسا بۆ باڵادەستی و نواندنەوەی هێزی زۆرتر پەرەی پێدرا، هەر بۆیەش ئەم مۆدێلە تێفکرینە و پەلهاویشتنەکەی لە سەر بنەمای تێفکرینی ئایینی دامەزرابوو.

ئەم میتافۆرە لە بنەرەتەوە ڕەنگدرەوەی ئەم بیرۆکەیە بوو؛ جەستەی سیاسی، وەک جەستەی مرۆڤ، پارچەنەکراوەو لە ئەگەری پارچەبوونیدا تەواوی جەستەی سیاسی، واتە ژیانی گشتی تووشی مەترسی دەبێت. یەکێک لە پێشگریمانەکانی دیکەی ئەم میتافۆرە ئەوە بوو کە تەنیا ڕێکخراوەیێکی یەکگرتوو و هیرارکیکاڵ لە ناو کۆمەڵگەدا دەتوانێت بگاتە ئاشتی و سەقامگیری و خۆشبژێوی. ژیانی ئۆرگانیزم گرێدراوی یەکگرتنی بەشەکانە و هەربۆیەش چاکەی گشتی پێویستی بە دەسەڵاتداری تاکە کەسێک، تاکە دەسەڵاتدارێک وەک نوێنەری خوا لە سەر زەوییە. ئەم زنجیرە گەورەیەی بوون کە لە ئاسمانەوە بەرەو زەوی درێژ دەبوویەوە و لە یەکەم دەرکەوتندا وەک رێکخستنی خێزانی دەردەکەوت، لەلایەن باوکێکی خێرخوازەوە یان دەسەڵاتدارێک یان شایەک سەرکردایەتی دەکرا. باوک یان باوکە پیرۆزەکان یان شا، بە پێی دەرکەوتەکانی ئەم جەستە سیاسییە، پێداگرییان لە سەر هێز، مافەکان و بەرژەوەندییەکانی نەتەوە دەکرد کە لەگەڵ هێز، ماف و بەرژەوەندی شا هاوتەریب بوون. سیاسەتی جەستە لە سەر جەستەی خودی شا نووسرابوو.

بە درێژایی مێژووی دەسەڵاتی ڕەها، لەلایەک (ویستی هێز) شانۆی ڕەهاخوازی باوک-شا دەکا بە سیمبولی واڵای دەسەڵاتە سیاسییەکان. ئاوێتەبوونی شەریعەت لەگەڵ هێز-یش ڕەوایی سیاسیی دەبەخشێتە ئەم ئاوێتەیە، هەربۆیە جەستەی (شا) واتایێکی دووانەی بە خۆیەوە دەگرێت. ئەگەر چی شا وەک تاکە کەس دەهات و دەڕۆشت، بەڵام جەستەکەی هاوکات؛ وەک چەمکێک و وەک تاکەکەس، ئیماژی سیاسی ئەو جیهان و ئەم جیهانەی دەنەخشاند.

ئەم تێگەیە پردێکی لە نێوان جیهانی سروشتی و سیاسی وەک جووڵەیەکی نەمری دەسەڵاتداری و سیمایێکی لێوڕێژ لە سەپاندنی دەسەڵاتی ڕەها پێکدەهێنا. لە لایەکی دیکەوە؛ جەستەی شا لەگەڵ سیمبۆلەکانی تر، لە ڕێوڕەسمی تاج لە سەرنان، ناشتن دەگەیشت بە لووتکەی خۆی. بارەگای بنەماڵە، بارەگای شا و تەنانەت وێنەکەی لە سەر دراو و پارە وەک جەستەیێکی ئەفسوونگەر بۆ بەردەوامبوونی سەرچاوەکانی هێز دەنەخشا و دەنەخشێت.

پانتای گشتی دەسەڵات بە هۆی تایبەتمەندی کردەیی خۆی پێگەیێکی پیرۆز بوو و بۆ پاراستنی ئەم پیرۆزییەش لە هەوڵداندابوو. هەر ئەم تایبەتمەندییەی پانتای گشتی دەسەڵاتی ڕەهاخواز بوو؛ بەهۆی ئەوەی ئەم تایبەتمەندییە پێویستی بە دووبارە نواندنەوەی سەرچاوە و بەستێنەکانی هێزی گشتییەوە هەبوو؛ بە واتایێکی تر، تۆپ و ئاهەنگ و گۆرانی و سیمبۆلەکان ئەم دەسەڵاتە و ئەم هێزە ڕەهایەیان دووبارە دەنواندەوە و هێما ئایینیەکان، کۆبونەوەکان بۆ نواندنەوە و بەرهەمهێنانەوەی دووبارەی هێزی شا- لە سەر بنەمای هەر دوو جەستەکەدا- بەردەوام دووبارە دەکرانەوە.


ناپۆلیۆن تاجی شاهانە لەسەر سەری خۆی دادەنێ – تابلۆی ژاک لویس داڤید – ١٨٠٥ – ١٨٠٧
The Coronation of Napoleon – Jacques-Louis_David

ئەم جەستە خواییەی شا لە ناخی خۆیدا لە ناو پانتای گشتی نواندنەوەی هێزێک بوو کە هەوڵیدەدا سوبژێکتێکی نێرینە لە دەسەڵات لە ناو کۆمەڵگەدا بنەخشێنێت. واتە ئەم نواندنەوەیە لە ناخی خۆیدا هەوڵدانێک بوو بۆ نواندنەوەی تەواوی بازنەکانی ئارەزوو بەرەو ئاڕاستەی هێزی ڕەهای نێرینەی شا؛ بەم پێیە نواندنەوەی هێزی باڵادەست بە سەر تەواوی جۆرەکانی تری پەیوەندیکردندا زاڵ بوو. ئۆبژێکتی ئەم پێکهاتە ئایکۆنیکەی نواندنەوە لە یەکەم هەنگاودا، شاییەکی خودایی و لە کۆتاییدا باوک بوو. هێز لە گرێدانێکی تاکەکەسی لە (شا) وە، بە شێوازێکی پلەبەندیکراو لە سەرەوە بەرەو خوارەوە سیستەمی پەیوەندییەکانی بەرهەم دەهێنایەوە، هەر بۆیە بایەخەکانی پیاوسالاری بە تووندی لە ناو پراکتیکەکانی کۆمەڵگایێکی ژێر دەسەڵاتی ڕەها جێگیر دەبوون.

ڕوسۆ لە پێشەکی پێشکەشکراو بۆ کۆماری جێنێڤا، لە دیسکۆرسی دووهەمی خۆیدا، کە لە سەرەتادا پێدەچێت هەنگاوێکی شەرەفمەندانە بۆ لە بیرنەکردنی ژنان وەک نیوە بە نرخەکەی کۆمار بێت، ئاماژە ئەکاتە سەر نەرمی و نیانی و ئەقڵی ژنان لە پێناوی پاراستنی ئاشتی ومۆراڵە باشەکان. روسۆ وەک ئامۆژگاری ژنان و ئەو کەسانەی سەرسامی ژنانن ئەنوسێت:

“ژنانی خۆشەویست و ڕەوشتبەرز، داهاتووی ڕەگەزی ئێوە بەردەوام حوکمڕانی بە سەر ڕەگەزی ئێمەدا دەبێت. جێگای بەختەوەرییە دەسەڵاتی پاکیزەیی ئێوە، تەنیا لە یەکگرتویێکی ناو ژیانی هاوسەرگیریدا، تەنیا بۆ شکۆمەندی دەوڵەت و خۆشی گشتی بەکار بهێنرێت“. *

واتە دەوترێتە ژنانی جێنێڤا، کە جێگە و پێگەی ئەوان لە ناو ماڵەوە، سەرچاوەی هێزی ئەوانە، هێزی پاکیزەیی ژنانە دەرفەتی حکومەتکردن بە سەر پیاوانیان بۆ دەڕەخسێنێت. بەڵام ئەم دەربڕینە نیشاندەری لایەنێکی شاراوەی دیکەیە؛ واتە ژنان دڵنیا دەکرێنەوە گشت ئەمانە تەنیا بۆ چاکەی گشتی وشادی زۆرتری گشتمانە، نەک تەنیا بۆ خۆشبژێوی پیاوان. ئەوە بەم واتایە دێت ژنان هاندەدرێن تا کۆمەڵگە یان پێگەیێکی بەفەرمی ناسێنراو بۆ خۆیان بدۆزنەوە و هاوکات بە شێوازێکی زمان لووسانە، لە گەڵ (ژنانی سپارتا)ی کۆنیش بەراورد دەکرێن. ڕوسۆ لە بەردەوامی ئەم دیسکۆرسەیدا دەنوسێت:

کام پیاوی بەربەر دەیتوانی لە هەمبەر دەنگی شەرەف و عەقڵ لە زاری ژنێکی ناسکدا بوەستێتەوە؟ و کێ بە بینینی جل و بەرگی سادە، سووکایەتی بە جل و بەرگە پۆشتە و گرانەکان ناکا؟ ئەوە ئەرکی ئێوەیە بەردەوام بە باڵادەستی دۆستانە و پاکیزە و بێتاوانتان و بە ژیری پڕ لە مەکرتان، خۆشەویستی یاساکان لە وڵات و هاودەنگی لە نێوان هاووڵاتیان بپارێزن. بە هاوسەرگیرییە شادەکان لە پێناوی یەکگرتنەوەی خێزانە دابەشکراوەکان و لە سەرووی هەمووانەوە بۆ ڕاستکردنەوەی… بۆیە هەمیشە بەم شێوەیە بن کە خۆتانن، ئێوەن پارێزەرانی پاکیزەی ئەخلاق و بەدیهێنەرانی نەرم و نیانیی ئاشتی…**

ئەم بڕگەیە لە زمانی ڕوسۆ ئاوێتەیێکی بەرچاو لە زمانی زاڵبوون، چەوساندنەوە و کۆیەلایەتی لەگەڵ فەزیلەتەکانی پەیوەندیدار بە هەست و سۆزی ژنان، ناسکی دایکانە و ئەڤینی ڕۆمانتیکە. و لە ڕاستیدا بە ڕوونی دەردەکەوێت سیفەتەکانی دووهەم بە مەبەستی خزمەتکردنی چەوساندنەوە و کۆیلایەتی و لە ئاکامدا زاڵبوون بە کار هێنراون.

سەرەڕای ئەوەی بە نیسبەت یەکەم میتافۆری سیاسی، کە ژنان لە ناویدا ئامادە نەبوون، لە دووهەم وێنادا ژنان سەرەڕای ئامادەبوونیان، دەکەونە ناو دۆخێکی کۆنسێرڤاتیڤ و پاسیڤ بە مەبەستی خزمەتکردن بە دەوڵەت یان کۆمار. واتە؛ ئەرکی ژن ملکەچکردن و چاوپۆشیکردن لە ئامانج و بەرژەوەندییەکانی خۆی لە پێناو ئامانجێکی واڵاتر، واتە ژیانی ئەخلاقی کۆمەڵگادایە. بەڵام بە پێچەوانەی هاوڕێ نێرەکەی -کە ڕوسۆ بە ناوی چاکەی گشتی خوازیاری بەرزکردنەوەی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانێتی- ژن بە تەواوی لە بەشداری چالاکانە کۆمەڵگا دەردەکرێت یان ڕێگای پێ نادرێت.

ژنانی ڕەوشتبەرزی کۆمار، بە پێچەوانەی ئەو ژنانەی ڕوسۆ لە ناو پانتای گشتی دەسەڵاتی ڕەهای سەردەمی خۆیدا بینیبوونی، بە تایبەتمەندی پاکیزەیی ڕەگەزیی خۆیانەوە جیا دەکرێنەوە و لەم پێناوەدا لە زمانێکی ئەخلاقیانەی خاوەن ستانداردی دووانەی مێیینەی (پاک/ناپاک) و ( پاکیزە/ ناپاکیزە) پەیوەندی سێکسی لە ناو ئاپاڕاتوسی خێزان یان دەرەوەی خێزان، ناو ماڵ یان دەرەوەی ماڵ کەڵک وەردەگرێت. لە ئاکامدا قەتیسمانەوەی ژن لە دەرەوەی پانتای گشتی وەک هێمایەک بۆ فەزیلەی سیاسی دووبارە بەرهەم دێتەوە و تەنانەت دەکرێ بە پێوەرێکیش بۆ هەڵسەنگاندن.

ژن لە ناو جەستەی سیاسی کۆماریی

شۆڕشی فەڕەنسا کرانەوەیێکی نوێ بوو بۆ ئەوەی ژن وەک بەشەکەیتری کۆمەڵگە، بێتە ناو پانتای سیاسی. (مارکویز دێ کۆندۆرسێ) ئەریستۆکرات-لیبراڵی فەرەنسی بە نوێنەرایەتی لە لایەن ژنانەوە، پرسی نایەکسانی مەدەنی و سیاسی ژنان بە پێی پێوەرەکانی پانتای گشتی لیبڕاڵی دەخاتە ڕوو. تێڕوانینەکانی لەلایەن (شۆڕشگێرانی ژاکۆبەن) سەر ڕاست دەکرێنەوە. کۆندۆرسێ لە سەر ئەم بڕوایە بوو؛ “هەر کەسێک بە هۆی ڕەنگ و ڕەگەز و ئایین، بەرەنگاری مافەکانی کەسێکیتر بێتەوە، لە ڕاستیدا ئەوە لە دژی بەرەنگاری مافەکانی خۆی بۆتەوە…“

هەربۆیە کۆندۆرسێ دژی لاوازکردنی مافەکانی ژنانیش بوو. بەم حاڵەشەوە کۆندۆرسێ نیگەرانی ئەوە بوو ژنان لە دوای ڕزگاری، لە ئەرکەکانی تایبەت بە خۆیان دووربکەونەوە. هاوکات لەگەڵ سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی بونیاتەکانی سیاسەت، کۆندۆرسێ-ش هێدی هێدی سەر بۆ دەمارگرژییەکانی پیاوانەی کۆماریخوازەکان دادەنەوێنێ کە پێیانوایە؛ دەکرێ و ئەتوانن دۆخی کابانی ماڵ و ماڵداری لە پێناو خزمەتکردن بە سیاسەت زیاتر پەرە پێبدەن یان بیچەسپێنن.

لەسەر ئەم بنەمایە بوو کۆندۆرسێ بەڵێنی ئەوەیدا؛ کە هەر چەند پێویستە مافە سیاسییەکان بۆ ژنان دابین بکرێت، بەڵام پێویست ناکات لە دەسەڵاتی ڕاستەقینە و سەرکردایەتی سیاسیدا بەشدار بن. ژنان تەنیا بۆ پەروەردەکردنی مناڵەکانیان و بۆ مێردەکانیان باشترن. ئەوە تەواو بابەتێکی سروشتییە ژن شیر بدا بە مناڵەکانی و لە ساڵە سەرەتاییەکانی ژیانی مناڵانی، ئاگادارییان لێ بکات. بەڵام هەر چییەک بێت ئەو ژنانەی پێشتر تەنیا وەک ئامراز و کەرەستەی ناو ماڵ وابوون، دەبن بە خاوەن کەسایەتی و هەروەها هاوڵاتیانی دەوڵەت.

لە ناو جەستەی سیاسی نوێ کە دەوڵەت وەک سیمای باوکی نوێ بە تەواوی تایبەتمەندییە خواییەکانەوە دەردەکەوێت، ژن ئەرکێکی دیکەی پێ دەسپێردرێت. بە وتەی (وۆلستۆن کرافت) و وەک بەرسڤێک بۆ ڕوسۆ، لەم نەخشە نوێیە سیاسیەدا؛ ئەگەر ژنان لە ڕێگای پەروەردەکردنەوە بۆ هاونشینی و هاوڕێی پیاوان ئامادە نەکرێن، ئەوە پێشکەوتنی زانست و ڕەوشتبەرزی ڕادەوستێت. لە ناو جەستەی سیاسی سەردەمی شۆڕش و دواتر کۆماری کۆماری فەڕەنسا و تەنانەت لە لایەن وۆڵستۆن کرافتیشەوە، ژنانی ڕەوشتبەرز پێویستیان بە جلوبەرگی گرانبەها و خشڵ نەبووە؛ چونکە جل و بەرگی حەیا جوانترین جل وبەرگی ڕەوشتبەرزانە بۆ ژن بوو. ئەو پۆرترێتەی وۆڵستۆن کرافت لە سیمای ژن لە سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسادا دەیکێشێتەوە بریتییە لە (ژنایەتێیکی پاکیزە) و (ژنبوونێکی ڕەوشتبەرزانە) بەڵام ئاماژی بەوە دەکرد دەکرد، کە بەجێهێنانی ئەم ویستە بەدڵنیاییەوە کردەیەکی قورس و دژوارە. لە بەرئەوەی کە وزەی ژن بەردەوام بەرەو هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵی خۆی ڕادەکێشێت.

سەرەڕای ئەوەی لە سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسا سیمبولیزمی نواندنەوەی ژن چاوپۆشی لە دەسەڵاتی پیاوانەشی تێدا دەبینرێت، بەڵام لە کردەوەدا، هێرشکردنە سەر پیاو یان دەسەڵاتی پیاوانە لە ڕێگای گوشار و هەمیشە لە ڕێگای ئاڕاستەکردنی هەستە ژنانەکان وەک هێمایەکی نوێی ژیانی خێزانیانەی کۆماریخوازانە و ڕەوشتبەرزانە، بەری پێ گیرا. وەک دەرەنجامیش کۆمەڵەی ژنانی کۆماریی شۆرشگێڕ هەڵوەشایەوە و نکۆڵی لە مافە سیاسییەکانی ژنان کرا.

سەرەڕای دروشمە ڕادیکاڵەکانی شۆڕشی فەرەنسا، ئەوەی لەم ناوەدا خاوەن گرینگی بوو، ئایرۆنیکبوونی وشەی ئازادی بوو، بە هۆی ئەوەی کە نواندنەوەی ژن لە ناو پانتای گشتیدا، نیشاندەری داکۆکیکردن لە سەر ڕۆڵی بەرتەسککراوەی ژن لە ناو ماڵدا بوو. بە وتەی مارینا وارنێر لەم ماوەیەدا چیتر لە دادپەروەری وەک ژن قسە ناکرێت، چونکە بە گشتی ئەو باوەڕەیان چەسپاندبوو؛ کە ژن ئیتر ئازادە و پێویست نییە ئەمە وەک پرسێکی چارەسەر نەکراو باسی لەسەر بکرێت…

سەرەڕای کپکردنی گشتی دەنگی ژنان لە سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسادا، لە سەرەتای ساڵانی ١٨٣٠، بۆ جارێکیتر ژنان بە ڕێکخراوە کران تاوەکو بۆ جارێکیتر لە دامەزراوە پیاوسالارەکان داوای چاکسازی بکەن. ڕەنگە بگوترێت هەر ئەو کاتە بوو فێمینیزم وەک بەرسڤێک بۆ ڕەتکردنەوەی شێوە ڕوانینی لیبەراڵەکان و کۆماریخوازەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ژێردەستەیی مەدەنی و سیاسی ژنان، شێوە هۆشیاریێکی مۆدێڕنی نزیک لە رۆژی ئەمرۆکەی خۆی وەدەستهێنا.

ژنان و نەک تەنیا فێمینستەکان کەوتبوونە ژێر کاریگەری داڕمانی پانتای گشتی ڕەهاخواز؛ ئەگەر لە سەردەمی پێش شۆڕش و تەنانەت دوای شۆڕش-یش ژنان بە کاراکتەری لاواز و نەبوونی پەروەردەی گوونجاو یان تەنانەت سروشتی تایبەتیی خۆیانەوە تاوانبار دەکران، بەڵام لەم ماوەیەدا هەوڵێکی تریان وەگەڕ خست. لە سەر ئەم بنەمایە بوو ژنان بۆ جارێکیتر، لە دژی جیاکاری تووندو ڕەقی ڕەگەزیی کە خۆی لە ناو جەستەیێکی یەکپارچەی یاساکاندا لەلایەن ناپلیۆنەوە جوومگەبەندی کرابوو، چالاکیان دەستیپێکرد.

وەرچەرخان لە سیمای ئایکۆنیکی ڕژێمی کۆن لە فەڕەنسا و دواتر لە تەواوی ئەوڕوپا، بەرەو پێکهاتەی سیمبولیکی نواندنەوەی بورژوازی بە واتای خوڵقانی سیاسەتی مۆدێرن لە پەیوەندی لەگەڵ پرسی جێندەر بوو. بەڵام هاوکات لە گەڵ ئەم پێشکەوتنە، ئامادەنەبوونی ژن لە ناو پانتای سیاسی مۆدێرن ڕووداوێکی بە ڕێکەوت نەبوو؛ و هاوکات نیشانەیەکیش نەبوو لە بەردەوامیی پەشیمانبوونەوە لە پیاوسالاری کۆن. لە ڕوانگەی ژنان و بەرژەوەندییەکانیانەوە، تەنانەت ڕۆشنگەری خۆیشی بە شێوازێکی گوماناوی وەک دژە ڕۆشنگەری لە قەڵەم دەدرا و شۆرشیش وەک دژە شۆڕش؛ وەک پیلانێکی نێرینە؛ ئەم پاڕادۆکسە لە سەردەمی مۆدێرندا بەدیهێنەری یەکتربڕێکی intersection گەورە بۆ پرسی جێندەر لە ناو پانتای گشتی سیاسی بوو. واتە پرسی ژن هاوکات هەڵگری چەندین پرسی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ناسنامەیی و ڕەگەزی چارەسەرنەکراو بوو.

وێنا ئاماژە پێکراوەکانی سەرەوە، نیشاندەری دژواربوونی جیاکردنەوەی ژن لە ژیانی ناو ماڵ، هاتنە ناو پانتای سیاسی و گەیشتن بە ئازادی و هاوکات خاڵە پارادۆکسەکانی ئەم مژارە لە ناو بەستێنی جەستەی سیاسی پیاوسالاردایە. درووشمی ژن، ژیان ئازادی وەک دابڕانێک لە جەستەی سیاسی ڕەهاخوازی لە ژێر هەر ناوێک، لە ناو بەستێنی The Political تەنانەت دابڕانێک لە ژانرێکی سیاسی فێمینیزمی مۆدێرنی کۆمەڵگەی بۆرژوازییش نییە؛ بەڵکوو بە نیشاندانی وێنایێکی نوێ لە جەستەی سیاسی، نەک تەنیا خوازیاری ئامادەبوونی ژن لە ناو پانتای گشتی سیاسیە، بەڵکوو وێنای ئەمێستاکە لە ئازادیش ئەگۆڕێت؛ هەربۆیە وەک وەرچەرخانێکی پارادایمیک لە تیۆری سیاسیشدا دەکرێ باسی لەسەر بکرێت.

بەرەو کێشانەی نەخشەیێکی تر لە جەستەی سیاسی

بە لەبەرچاوگرتنی بەردەوامیی ئامادەنەبوونی ژن لە ناو پانتای سیاسی، یان دابەزاندنی ڕۆڵی ژن بۆ سیمایێکی دایکانە، دایکی وڵات یان دایکی پاسەوانی وڵات، یان هاوسەرێکی بە حەیا و ڕەوشتبەرز، دەبینرێت نێرینەبوون لە جەستەی سیاسیدا، وەک سیستەمێک خوڵقێنەری چینی دەسەڵاتدار، دەوڵەت یان بەرهەمهێنرەوەی فۆڕمەکانی دەسەڵات و زاڵبوونە. هەر بۆیە ئەم دروشمە تێکدەرە بەرەنگاری باری باو دەبێتەوە و بە هەوڵدان بۆ لەناوبردنی جەستەی سیاسی ڕەهاخواز لە فۆڕمەکانی باوکی پیرۆز، شا، مێرد، وەک کوژەری هێزی باڵادەست یان هەر چەشنە ملکەچبوونێک لە ئاست هێز خۆی دەنوێنێتەوە؛ هەر ئەو ئەرکەی لە سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسا لە گەیشتن بە ئامانجەکانی تووشی شکست بوویەوە. واتە کوشتنی باڵادەستی یان زاڵێتی تاک ڕەهەندییانەی دیکتاتۆری و سەرەڕۆیی. لە سەر ئەم بنەمایەیە و لەم دروشمەدا، ژن دەبێتە ئەڵقەی پەیوەندی نێوان (ژیان و ئازادی)ە لە پانتایی گشتی، چونکە ئازادیی لە ژیان تەنیا بە بەشداربوونی کردەیی ژن لە ناو پانتای گشتی سیاسی و لە ناو شۆڕشێکی ڕادیکاڵی ژنانەدا، کە بتوانێ مێنتالیتی و هۆشی پیاوان بگۆڕێت، دەستەبەر دەبێت. لە ڕوودانی ئەم ئەگەرەدا، ئەڵقەکانی هێزی پیاوسالار لێکدەترازێن و چیتر ڕێگایان پێنادرێت بە پاساوی پێرۆزییە ئاسمانییەکان، بنەمایەک بۆ شەرعیەتی کردەی سیاسی خۆیان دابین کەن و هاوکات هێزی سیاسی وەک ناوەندێک لە ناو جەستەیێکی سیاسی بەکار بێنن.

ئەگەر تەنانەت لە سەردەمی ڕۆشنگەریشدا، فیلۆسۆفە سیاسییەکان وەک ئایدیالەکانی سەردەمی مۆدێرن، پیاوەکانیان بە تەواو سیاسی لە قەڵەم ئەدا و ژنانیان وەک بابەتێکی سروشتی، وەک بوونەوەرێکی ناو ماڵ سەیر دەکرد، ئەوە لە بنەڕەتدا تەنیا لە ناو هزری کەسانێکی وەک هێگڵ و مارکس-یشدا نواندنەوە یان ڕێزلێنانێک لە هزری یۆنانی (کەڤنار) و (ئیمپڕاتۆریای ڕۆم٠ بوو. بۆیە تێفکرینی سەردەمی ڕۆشنگەریش دامەزرانی جەستەیێکی سیاسی ناوەندخوازی لێکەوتەوە و نەیتوانێ هەلی جێگیربوونی ژن لە ناو یەکتربڕی کێشە کۆمەڵایەتی-سیاسییەکاندا بقۆزێتەوە یان تەنانەت وەک تیۆریێکی سیاسی لە پێناو هەڵوەشاندنەوەی جەستەی سیاسی ناوەندخواز جوومگەبەندی بکات.

ئەم دروشمە بە تێگەیشتن لە ڕۆڵی وەچە خستنەوە وەک یەکەم دابەشبوونی کاری نێوان ژن وپیاو کە دەبێتە هۆکاری یەکەم پارادۆکسی چینایەتی، بۆ ڕەتکردنەوەی فۆڕمە جیاوازەکانی زاڵبوون و ملکەچی لە ئاست هێز، ڕزگاری تەواوی کۆمەڵگە وەک ئامانجی سیاسی خۆی پێناسە دەکات. هەر لەسەر ئەم بنەمایە، بە پێچەوانەی شۆڕشی فەڕەنسا خولیای کێشانەوەی سیمایێکی تری لە جەستەی سیاسی هەیە، چونکە لەوە ئاگادارە پرسی ژن لە ناو یەکتربڕی کێشە سیاسییە-کۆمەڵایەتییەکاندا زەقبۆتەوە.

لە سەر ئەم بنەمایە،ی ئەم دروشمە تەنانەت دێتە سەر ئەم بڕوایەش کە ڕەخنەی قووڵ لە پیاوسالاری و ڕێکخراوە نێرسالارەکانیش ناتوانێ ڕێگایەک بەرەو چارەسەری وەدەست بێنێت، چوونکە لە بنەڕەتەوە، خێزانیش بەرهەم هێنەرەوەی باڵادەستی و زاڵبوونی دەوڵەت یان پیرۆزییەکانی دیکە بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتە. لە سەر ئەم بنەمایە هەوڵدان بۆ گرتنەوەی پانتای سیاسی، بە واتای هەوڵدان بۆ خوڵقاندنی جەستەیەکی سیاسی بە دوور لە چەمکی زاڵبوون و باڵادەستی، دروشمێکی بەرەنگاری باو و هەڵوەشێنەرە.

سەرەڕای ئەوەی ڕەنگە ئەم دروشمە نیشاندەری باڵادەستی لایەنی سوبژێکتیڤ بە سەر لایەنی ئۆبژێکتیڤ بێت، یان ڕەهەندێکی یۆتوپیایی بەسەردا زاڵ بێت. بەڵام بە گرنگ بینینی کردەی سیاسی لە چوارچێوەی پانتای سیاسی و لە شێوەی کردەی ڕۆژانە و ڕادیکاڵ، جگە لەوەیکە پازدانێکە بە سەر ویستێکی سۆشیالیستیش- چونکە لە بنەڕەتدا پەیوەندی پیاوان و تەنانەت چینی کرێکاریش لەگەڵ شۆڕش، وەک پەیوەندی بورژوازی بچووک لە شۆڕشە- گەڕانەوەیەکە بۆ چەمکی (شا کوژی) وەک مێتافۆری باڵادەستی هێز، نەک بە سەر ژنان، بەڵکوو لە فۆڕمی هەر چەشنە باڵادەستیێک.

لەوانە بوو ئەگەر (ئۆزبەک) وەک دەرکەوتەی باری باو، وەک شازادەیەک، زووتر لە هەست و ویستەکانی ڕۆکسانا تێگەیشتبایە، سەرۆکی حەرەمسەراکەی بۆ خوڵقانی دۆخێکی تۆقێنەر لەناو کۆشکەکەی ئەرکدار نەکردبایە و هاوسەرەکانی بەردەوام حەیا و پاکیزەییان بە پێی باری باوی نەریت وەک ڕەوشتبەرزی ژنانە، پەیڕەو کردبایە بەڵام کە ژنەکان لە پێگە و دۆخی خۆیان ئاگادار بوونەوە، چیتر ئەو نەزمە هێمایینە نەیتوانی بەردەوام بێت. دروشمەکان یان ئایدیاکان جەستەی سیاسی وێنادەکەن و ئەو کاتەی دەکەونە ناو پانتای گشتی وەک چەک بۆ گۆڕینی باری باو دەردەکەون. دەبێ چاوەڕوان بکرێت ئاخۆ تەنینەوەی ئەم دروشمە دەتوانێ لە کردەی ڕۆژانەی خۆیدا، جەستەیێکی سیاسی تر بخوڵقێنێت یان نا؟

سەرچاوە:

Jean Jacques Rousseau, The Social Contract and The First and Second Discourses, Edited and with an Introduction by Susan Dunn with essays by Gita May Robert N. Bellah David Bromwich Conor Cruise O’Brien, Yale University, Press, 2002, P: 79
*Jean-Jacques Rousseau, First and Second Discourses, p. 89;
**Rousseau, Second Discourse, p. 89, emphasis added; Oeuvres completes, vol. 3, pp. 119-120.

Website | + posts